ئیسرائیل ژمارەیەك دەستگیركراوی لوبنانی ئازاد دەكات

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین -

حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا ژمارەیەك هاووڵاتی لوبنانی ئازاد بكات كە پێشتر لەلایەن هێزەكانی ئەو وڵاتەوە لەناوچەكانی باشوور دەستگیر كرابوون.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیاردرا بە ئازادكردنی پێنج هاووڵاتی لوبنانی ئازاد بكرێن كە دەركەوت پەیوەندییان بە هیچگروپێكی تیرۆریستییەوە نییە.

ئەو پێنج هاووڵاتییە لوبنانییەی بڕیاری ئازادكردنیان دراوە، پێشتر لەكاتی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی باشووری لوبنان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بە حزبوڵڵای لوبنانییەوە، دەستگیركرابوون، بەڵام لەدوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت هیچ پەیوەندییەكیان بەو حزبەوە نییە و هاووڵاتی مەدەنین.

حكومەتی ئیسرائیل لەچوارچێوەی رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی لوبنان كە بە نێوەندگیریی ئەمریكا بەڕێوەچوو، بەڵێنیدابوو سەرجەم دەستگیركراوانی لوبنانی ئازاد بكات، بەڵام بڕیارەكە مەرجدار كراوە بە جێبەجێكردنی سەرجەم بڕگەكانی رێككەوتنەكە، كە یەكێك لە بڕگەكان، چەكدامالچینی حزبوڵڵا و كشانەوەی هێزەكانی ئەو حزبەیە لە ناوچەكانی باشووری لوبنان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن