راچڵەكین -
وەزیرێكی حكومەتی ئیسرائیل پلانێك دەخاتەڕوو بۆ چۆڵكردنی كەرتی غەززە لە دانیشتووانەكەی و راشیدەگەیەنێت: چەندین وڵاتی جیهان ئامادەن پێشوازیی لە دانیشتووانی غەززە بكەن و لە وڵاتەكانیان داڵدەیان بدەن.
ئیتمار بن گەفیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، پلانێكی راگەیاند بەئامانجی كۆچپێكردنی زۆرەملێی دانیشتووانی كەرتی غەززە و نیشتەجێكردنیان لە شوێنی تر.
وەزیرەكەی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا رایگەیاند: پلانەكە بەم جۆرەیە كە لەماوەی ئەمساڵدا 250 هەزار كەس لە دانیشتووانی كەرتی غەززە دەربكرێن و لەماوەی شەش ساڵی داهاتووش نزیكەی دوو ملیۆن كەسی دیكە لە غەززە دەربكرێن و رەوانەی وڵاتانی دیكە بكرێن.
بن گەفیر رایگەیاند: پلانەكەم زۆر واقیعیانەیە لەپێناو كۆتایی هێنان بە قەیرانی غەززە، چەندین وڵاتیش ئامادەییان نیشانداوە پێشوازیی لە ئاوارەكانی كەرتی غەززە بكەن و لەسەر خاكی وڵاتەكانیان نیشتەجێیان بكەن.
راگەیاندنی پلانەكەی وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەبارەی كۆچپێكدرنی دانیشتووانی كەرتی غەززە، لەكاتێكدایە یسرائیل كاتس، وزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی پلانی ئامادەكراوی هەیە بۆ دەركردنی دانیشتووانی غەززە و نادرنیان بۆ شوێنی دیكە، بەڵام چاوەڕوانی رەزامەندیی ئەمریكا دەكەن بۆ دەستكردنی بە جێبەجێكردنی پلانەكە.