لە هێرشێكی چەكداریدا ژمارەیەك سەربازی سوپای پاكستان كوژران

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 257

راچڵەكین -

سوپای پاكستان بڵاویكردەوە، لە هێرشێكی چەكداریدا بۆسەر هێزەكانیان لە هەرێمی بەلوچستان، 16 سەربازی سوپای وڵاتەكەیان كوژران.

ئەمڕۆ هەینی 4-9-2026، سوپای پاكستان راگەیەندراوێكی لەبارەی هێرشە چەكدارییەكەی شەوی راربردووی هەرێمی بەلوچستان لە باشووری رۆژئاوای وڵاتەكە بڵاوكردوەو تێیدا هاتووە، كاروانێكی سەربازیی سوپای پاكستان لەكاتی تێپەڕبوونی بە ناوچەیەكی نزیك لە شاری كویتای پایتەختی هەرێمی بەلوچستان، دووچاری بۆسەیەكی گروپە تیرۆریستییەكان بووەوە و لەئەنجامی شەڕو پێكدادانی نێوان هەردوولا، 16 سەربازی سوپا كوژران.

لە كاردانەوەی هێرشی گروپە چەكدارییەكە، سوپای پاكستان هەڵمەتێكی كێوماڵكردنی لە ناوچەكە ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوەكەی سوپای ئەو وڵاتە، لە هەڵمەتەكەدا 12 چەكداری گروپە تیرۆریستییەكان كوژران.

هەرچەندە سوپای پاكستان ناوی ئەو گروپە چەكدارەی ئاشكرانەكرد كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە، بەڵام (سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان) كە گروپێكی چەكداری نەیاری حكومەتی پاكستانە، بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە بۆسەر هێزەكەی سوپای پاكستان راگەیاند و بەڵێنیشیدا كە هێرشەكانیان زیاتر دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن