راچڵەكین -
سوپای ئیسرائیل كۆنترۆڵكردنی بەشێكی زۆری بەرزاییەكانی (عەلی تاهر)ی لە باشووری لوبنان راگەیاند و دوو رێڕەوی سەرەكیی حزبوڵڵاشی بۆ ناوچەكە بەتەواوی گرت.
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، دوای چەند هەفتەیەك لە پێكدادانی سەربازی لە بەرزاییەكانی عەلی تاهر لە ڕۆژهەڵاتی قەزای نەباتیەی باشووری لوبنان، سوپای ئیسرائیل توانیویەتی كۆنترۆڵی بەشێكی زۆری ناوچەكە بكات و تونێلەكانی حزبوڵڵاش لەسەر دوو میحوەری سەرەكی لە ناوچەكە لە هێزەكانی ئەو حزبە و چەكدارانی سوپای پاسداران پاكبكاتەوە.
هاوكات، یسرائیل كاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: كۆنترۆڵكردنی بەرزاییەكانی عەلی تاهر، ناوچەی ئەمنیی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەهێزتر دەكات و سوپای ئیسرائیلیش لەم پێگە ستراتیژییەی حزبوڵڵا پاشەكشە ناكات.
سوپای ئیسرائیل تەواوی ئەو ناوچەیەی باشووری لوبنانی لەژێر دەستی حزبوڵڵا دەرهێناوە و خستوویەتییە ژێر كۆنترۆڵی خۆیەوە و بە "ناوچەی ئەمنی" ناویدەبات.
پێشتر كۆماری ئیسلامیی ئێران لەڕێگەی وڵاتی عومانەوە پەیامێكی هەڕەشەئامێزی ئاڕاستەی ئەمریكا كرد لە ئەگەری هەر هێرشێكی تەواو و بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر بەرزاییەكانی عەلی تاهر لە باشووری لوبنان، تاران بە وەڵامێكی توند و یەكلاكەرەوە و بەربڵاو وەڵام دەداتەوە.