راچڵەكین-
وتەبێژی گرووپی چەكداری كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا یەكێك لەدیارترین گرووپە هاوپەیمانەكانی ئێران لەعیراق دەڵێت، تا ئەو كاتەی مەرجەكانیان جێبەجێ نەكرێن، ئامادەنین لەو وادەیەی حكومەتی عیراق دیاریكردووە، چەكەكانیان ڕادەست بكەن.
كازم فەرتوسی، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەری ئەلعەرەبی ئەلجەدید ئاماژەی بەوەكردووە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپەكەیان لەگەڵ لایەنە دانووستانكارەكانی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی، مەرجەكانی خۆیان بۆ ڕادەستكردنی چەكەكانیان بەحكومەت راگەیاندووە.
وتەبێژی كەتیبەكانی سەید ئەلشوهەدا، دەڵێت، ئەوان باوەڕیان بەبەڵێنەكانی ئەمریكا نییە بۆ كشانەوەی تەواوەتی لەعیراق:" لەڕابردوودا چەندین جار ئەو بەڵێنە دراوە، بەڵام ئەوەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت ئەوەیە بوونی ئەو هێزانەیە لەناو خاكی عیراقدا هەم لەئاسمان لەهەم لەزەوی."
لەلایەكی ترەوە، مەهدی كەعبی، سەركردە لە گرووپی نوجەبا بە هەمان ماڵپەڕی راگەیاندووە، گرووپەكەیان هیچ پەیوەست نابێت بەو وادەیەی لەلایەن حكومەتی عیراق دیاریكراوە بۆ ڕادەستكردنی چەكەكانیان:" قسەكردن لەسەر ڕادەستكردنی چەك پێش جێبەجێكردنی ئەو مەرجانەی دانراوە، هیچ بەهایەكی نییە."
زۆرینەی ئەو گرووپە چەكدارانەی لەعیراقدان و نزیكن لە ئێرانەوەو وەك " بەرەی مقاوەمە" خۆیان دەناسێنن، ئامادەنین چەكەكانیان ڕادەستی حكومەت بكەن بەچەند مەرجێك نەبێت لەوانە:
- چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا لەخاكی عیراق.
-هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی پیشمەرگە و بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەناو خاكی هەرێمی كوردستان.
پێشتر حكومەتی عیراق ڕۆژی 30ی ئەیلولی 2026ی وەك دوا مۆڵەت بۆ گرووپە چەكدارەكان دیاریكردبوو بۆ ڕادەستكردنی چەكەكانیان، بەڵام تائێستا بەشێكی كەم نەبێت لەو گرووپانە، زۆرینەیان ئامادەنین چەكەكانیان ڕادەست بكەن.