راچڵەکین-
وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی عێراق بڵاوکردەوە: سروە عەبدولواحید، وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار، لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هونەرمەندی عێراقی کازم ساهیر ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکرد: لە پەیوەندییەکەدا جەخت لە بەردەوامی هەوڵەکانی وەزارەت کرایەوە بۆ پەرەپێدانی کاری هونەری و پشتگیریکردنی داهێنەرانی عێراقی لەو بوارەدا، هاوکات تاوتوێی ئەگەری ڕێکخستن یان سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە و چالاکیگەلێک کرا کە ناسنامەی شارستانی و داهێنەرانەی عێراق بە جیهان بناسێنێت.
باسی لەوەشکرد: وەزیری ڕۆشنبیری جەختی لە گرنگیی بەکارهێنانی هونەر وەک پردێک بۆ پەیوەندی نێوان گەلان کردەوە و ڕایگەیاند کە وەزارەت بایەخێکی تایبەت دەدات بەو کەسایەتییە هونەرییانەی کە توانیویانە ناوی عێراق بگەیەننە مەیدانە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان.
وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی عێراق ئاشکراشیکردووە: هەردوولا لەسەر کۆمەڵێک بیرۆکە و پڕۆژەی داهاتوو هاوڕابوون بە مەبەستی بەهێزکردنی هاوبەشی لە نێوان دامەزراوەی فەرمی و توانا هونەرییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی سێکتەری میوزیک و چالاکییە ڕۆشنبیرییەکاندا.
ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدا دەستپێدەکات کە وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ڕۆشنبیری و هونەر لە ژیانی گشتیدا و بەرزکردنەوەی ئاستی واقیعی ڕۆشنبیریی وڵات.