دوو فڕۆكەوانە ئەمریكییەكە چۆن لەناو خاكی ئێراندا ڕزگاركران؟

ڕاپۆرت

54 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 183

راچڵەكین-

بۆ یەكەمجار لەڕێی تۆمارێكی ڤیدیۆیی( ڕێگەی بڵاوكردنەوەی دراوە) ساتی ڕزگاركردنی ئەو دوو فڕۆكەوانە ئەمریكییە بڵاوكرایەوە كە فڕۆكە جەنگییەكەیان لەنێو خاكی ئێراندا خرایە خوارەوە.

تۆمارەكە لەڕێی كەناڵی سی بی ئێس نیوزی ئەمریكی بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا وردەكاری ئەو ئۆپراسیۆنە نهێنیی و پڕ مەترسییە دەردەخات كە بۆ ڕزگاركردنی ئەو دوو فڕۆكەوانە ئەنجامدراو زیاتر لە ٩٠ كارمەندی هێزە تایبەتەكان تێیدا بەشداربوون.

بەگوێرەی تۆڕەكە، ئەو دوو ئەفسەرە دوای ئەوەی فڕۆكەكەیان خراوەتە خوارەوە بانگەوازی "ئەلفا" و "براڤۆ"یان بەكارهێناوە، پێش ئەوەی لە ناوچەیەكی شاخاویی باشووری ئیسفەهان بكەونە سەر زەوی لەناوچەیەك كە هەردووكیان نزیكەی 5 میل لەیەكترەوە دووربوون. هاوكات هێزە چەكدارەكانی ئێران، بڕێك پارەیان وەك خەڵات دیاریكردبوو بۆ هەر كەسێك كە زانیاریان پێبدات لەسەر شوێنی ئەو دوو فڕۆكەوانە.

لەو سەروبەندەدا، هێزەكانی ئەمریكا توانیان لە ئۆپراسیۆنێكدا كە بەڕۆژئەنجامیاندا و نزیكەی 21 فڕۆكەی جەنگی تیایدا بەشداربوون، فڕۆكەوانی یەكەم " ئەلفا" دوای هەشت كاتژمێر مانەوە لەناو خاكی ئێراندا ڕزگار بكەن.

ئەو كات دان كین، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا ڕایگەیاند، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردن لە پشت هێڵەكانی دوژمن لە ڕۆژدا، كارێكی پڕ مەترسی بووە، بەڵام بوونی هەڕەشە لەسەر ژیانی ئەو فڕۆكەوانە ناچاربوون ئەو هەنگاوە بنێن پێش ئەوەی ئێرانییەكان دەستیان پێی بگات.

بەڵام ڕزگاركردنی "براڤۆ" كە ئەفسەرێكی سیستەمی چەك بوو، نزیكەی دوو ڕۆژی خایاند، دوای ئەوەی لەكاتی خۆهەڵدانیدا لەفڕۆكەكەی، پەڕەشوتەكەی زیانی بەركەوت و بەهۆیەوە بەتوندی بەر زەوی كەوت كە لەئاكامدا لەچەند شوێنێكی جەستەیدا بەسەختی برینداربوو.


دووەم فڕۆكەوانی ئەمریكی " براڤۆ"

 

بەگوێرەی سی بی ئێس نیوز، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا (سی ئای ئەی) تەكنەلۆژیای پێشكەوتووی بەكارهێنا بۆ دۆزینەوەی شوێنی فڕۆكەوانی دووەم " براڤۆ". 

بەگوێرەی گێڕانەوەكانی سی بی ئێس نیوز بێت، "براڤۆ" لە قۆڵ، سەروو پشتی تووشی شكان هاتووە، سەرباری ئەوە بۆ ڕزگاركردنی گیانی خۆی بەناوچەیەكی شاخاویدا هەڵزناوە كە بەرزییەكەی نزیكەی حەوت هەزار پێبووە و چاوەڕێی تیمەكانی فریاگوزاری كردووە، تا ئەو ساتەی دوو ئەندامی یەكەی فریاكەوتنی پەڕەشووتی هێزی ئاسمانی بگەنە لای و بیگوازنەوە بۆ نێو كۆپتەرێكی ئەمریكی.

لەچاوپێكەوتنێكیشدا " براڤۆ" ساتی بینینی تیمی فریاگوزاری و ڕزگاركردنی بە " مەزنترین ڕووداوی ژیانی وەسفدەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن