ئومێد حاجی ئەحمەد كەلەلایەن دادگای عیراقەوە داواكراوە، كێیە؟

ڕاپۆرت

54 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 163

راچڵەكین-

دەسەڵاتی دادوەری عیراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئومێد حاجی ئەحمەد دەركرد، كە لەسەر پاسپۆرتە بەریتانییەكەی بە سالم ئەحمەد سەعید ناوی تۆمار كراوە. ئەم بازرگانە كوردە كێیە كە واشنتۆن تۆمەتباری دەكات بە بەڕێوەبردنی تۆڕێك بۆ پۆشینی نەوتی ئێران و فرۆشتنی بە ناوی نەوتیی عیراقەوە؟

وەك لەبڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی دووی كەرخ-دا هاتووەو واژۆی دادوەر زیا جەعفەری لەسەرە، ( ئومێد حاجی ئەحمەد) تۆمەتبارە بە سپیكردنەوەی پارە، پارەداركردنی تیرۆرو سەرپەرشتی تۆڕێكی تایبەت بە فرۆشتنی نەوت بەنایاسایی.



پێشتریش دادگای لێكۆڵینەوەی سێی كەرخ بڕیاریدابوو بە دەستبەسەرداگرتنی سامانە گواستراوو نەگواستراوەكانی تۆمەتبار بە گوێرەی ماددەی 121 لەیاسای سزادانی عیراقی.

" ئومێد" تەنها كەسێك بەڵام بەچەندین ناو ناسراوە

لە بەڵگەنامەكەی دادگای عیراقدا ناسنامەی تۆمەتبارەكە بە ناوی ئومێد حاجی ئەحمەد خراوەتەڕوو، هاوكات ناوی لەسەر پاسپۆرتە بەریتانیەكەی "سەلیم ئەحمەد سەعید"ە. بەڵام وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا ناوی ئەو بە زمانی ئینگلیزی بە ناوی " Salim Ahmed Said" دەنووسێت، كە لە سەرچاوەكانی دیكەدا بە "سەلیم ئەحمەد سەعید" وەرگێڕدراوە. هەروەها ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە بە "سەلیم ئومێد" ناسراوە. 

سەرباری فرە ناوییەكەی، سەرچاوەكان لەسەر ئەوە كۆكن، تۆمەتبار بازرگانێكی عیراقییە و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی كۆمپانیای ئایكۆن پترۆلیۆمی ئیماراتییە IKON Petroleum DMCC، خاوەنی ڕەگەزنامەی بەریتانییە و ساڵانێكە لە كەرتی نەوت و گواستنەوەی دەریایی و بازرگانیدا چالاكە.بەڵام زۆرێك لە وردەكارییەكانی ژیانی تایبەتی و مامەڵە بازرگانییەكانی دوور لەچاوی میدیاكان ماونەتەوە.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە بەریتانیاییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە سەردەمی ڕژێمی سەدام حسێن، عیراقی بەجێهێشتووە و دواتر مافی پەنابەری و پاشان ڕەگەزنامەی بەریتانیای وەرگرتووە. هەروەها ئەم ڕاپۆرتانە باس لەوە دەكەن " ئومێد حاجی" خاوەنی هۆتێلێكە لە ناوچەی كێنسنگتۆن لە لەندەن كە بەهای نزیكەی ٢٧ ملیۆن پاوەندە، جگە لەوە سەرپەرشتی دوو كۆمپانیای بەریتانی دەكات كە سزاكانی ئەمریكا گرتوونییەتەوە.

بۆچی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عیراق داواكراوە؟

بەگوێرەی نوێترین بڕیاری دادگای عیراق، بەتۆمەتی سپیكردنەوەی پارە، پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆر، بڕیاری دەستگیركردن بۆ ئومێد حاجی ئەحمەد دەركراوە، ئەو ڕێوشوێنانەش دوای ەوە دێن كە ئەمریكا " ئومێد"و چەند كۆمپانیایەك و كەشتی سەر بەو تۆمەتبارەی خستە لیستی سزاكانییەوە لەساڵی 2025 دا . بڕیاری دەستگیركردنیش بەو واتایە نایەت كەتەواوی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كراون بەسەریدا ساغبوونەتەوە، بەڵكو تا ئەو كاتەی دەستگیردەكرێت و دادگایی دەكرێت و بڕیاری پێویستی لەبارەوە دەدرێت هەر وەك تۆمەتبار دەمێنێتەوە.

ئەمریكا " ئومێد حاجی" بەچی تۆمەتبار دەكات؟

وەزارەتی گەنجینەكانی ئەمریكا " سالم ئەحمەد سەعید" تۆمەتبار كردووە بە كڕین و باركردنی نەوتی ئێران بەبەهای چەندین ملیار دۆلار، دواتر شاردنەوە یاخود تێكەڵكردنی لەگەڵ نەوتی عیراق و فڕۆشتنی لەبازاڕەكانی جیهانیدا وەك نەوتی عیراقی.

بەگوێرەی وەزارەتی گەندینە ئەمریكا بێت،  تۆڕەكەی ئومێد لەساڵی 2020 سەرقاڵی بەكارهێنانی بەڵگەنامەی ساختەو پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی ئێرانە لە كەشتییەكەوە بۆ كەشتییەكی تر بەهەماهەنگی لەگەڵ  چەند كۆمپانیایەكی نێوەندگیرو گواستنەوە لەزۆربەی وڵاتاندا، بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی سەرەكی نەوتەكەو خۆدزینەوە لەسزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران.

بەگوێرەی تۆمەتەكانی ئەمریكا، بارە نەوتەكانی ئێران تێكەڵ بەنەوتی عیراق كراون و لەڕێی دەریاوە گواستراونەتەوە بەجۆرێك بەدواداچوونی سەرچاوەكەی ئەستەم بووە، پاشان لەڕێی بەكارهێنانی چەند بەڵگەنامەیەك كە ئاماژە بەوە دەكەن نەوتەكە عیراق، فرۆشراوە.

گومانی پەیوەندی بە فەیلقەی قودس


وەك لەڕاپۆرتەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكادا هاتووە، چالاكییەكانی تۆڕەكەی ئومێد حاجی، داهاتی زۆری بۆ ئێران دەستەبەركردووە و سوپای پاسداران ( كەلەلیستی تیرۆری ئەمریكادایە) سوودی زۆر لەو داهاتە بینیوە.

بڕیارەكەی دادگای عیراق دەكرێتە یاداشتێكی نێو دەوڵەتی

تائێستا دەسەڵات لەعیراق ووردەكاری ئەو بەڵگەنامانەی ئاشكرا نەكردووە كە پشتیان پێ بەستراوە بۆ تۆمەتباركردنی " ئومێد حاجی" بە پشتیوانیكردنی دارایی تیرۆرو سپیكردنەوەی پارە، یاخود دەركردنی یاداشتێكی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركردنی و قسەكردن لەگەڵ وڵاتانی تر بۆ ڕادەستكردنەوەی.


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن