30 ئەیلول سەنگی مەحەكی حكومەتەكەی عەلی زەیدی

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 108

راچڵەكین-

تەنها دوو هەفتە ماوە لەو وادەیەی حكومەتی عیراق دیاریكردووە بۆ ڕادەستكردنی چەكی میلیشیاكانی نزیك لە ئێران (30ی ئەیلول) بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت نەبوونی هیچ بەرەو پێشچوونێكە لەو دانووستانانەی لەگەڵ ئەو گرووپانەدا بەڕێوەدەچن تا ڕازی بكرێن بە ڕادەستكردنی چەكەكانیان، جگە لەوە ئەو گرووپانە تائێستا لەهیچ كام لەو شوێنانە پاشەكشەیان نەكردووە كەلەژێر كۆنترۆڵیاندایەو ڕێگری لەگەڕانەوەی دانیشتووانەكەی دەكەن.

هەریەك لە میلیشیاكانی ( كەتیبەكانی حزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، كەتایب سەید شوهەدا، ئەنساروڵڵا ئەوفیا و بودەلا) و چەند گرووپێكی چەكداری تری وابەدەستە بەئێرانەوە ئامادەنین بەهیچ شێوەیەك چەك و كەرەستە سەربازییەكانیان ڕادەست بكەن بەتایبەت درۆن و مووشەكی دوورهاوێژ. لەهەمان كاتدا بەغداد هیچ بەڵگەیەكی كرداری پێشكەش نەكردووە سەبارەت بەو گرووپانەی پێشتر بڕیاریاندابوو چەك ڕادەست بكەن.

لەگەڵ زیادبوونی فشارە سیاسی و ئەمنییەكان لەبەغدادی پایتەخت، لەبارەی كاریگەرییە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ئەگەر بێتو لەگەڵ تەواوبوونی ئەو مۆڵەتەی بۆ گرووپە چەكدارەكان دیاریكراوە، پرۆسەكە ئەنجامنەدرابێت، لەنێو ئەو گرووپانەوە بەئاشكرا ووتاری تایفی بەپاساوی جیاجیا سەریهەڵداوە، هەر ئەوەش وایكردووە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەڕۆژی 6ی ئەیلول، راگەیەندراوێك بڵاوبكاتەوە تیایدا داوا لەدادگاكان كراوە ڕێكاری یاسایی دژ بەو لایەنە و كەسانە بگرنە بەر كە هانی ئەو جۆرە ووتارانە دەدەن.

چەند سەرچاوەیەكی عیراقی ئاگادار بە ماڵپەری ئەلعەرەبی ئەلجەدید-یان ڕاگەیاندووە، ئەو دانوستانانەی چەند هەفتەیەكە بە سەرۆكایەتی لایەنە حكومی و سیاسییەكان، لەنێویاندا سەركردەكانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" لەگەڵ ئەو میلیشایانە بەڕێوەدەچن ، بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی تایبەت لەسەر پرسی چەك لە دەرەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، لەنێویاندا هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو پرسە بە "ڕێكخستنەوەی چەك"  ئاماژەی پێبدرێت نەك چەكداماڵین و ڕادەستكردنی:"هیچ ئەنجامێكی لێنەكەوتۆتەوە"

بەووتەی ئەو سەرچاوانە، ناكۆكییە سیاسییەكان هێشتا بەردەوامیان هەیە، میلیشیا عیراقییەكانیش ڕادەستكردنی چەكەكانیان بەچەند پرسێكی تری سیاسی و ئەمنی بەستووەتەوە، لەوانە چوونە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكاو توركیا، كۆتایی هێنان بەدەستوەردانەكانی ئەمریكا لە بڕیارە سیاسی و داراییەكان، بڕیاری ڕادەستكردنی چەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان بگرێتەوە، سوپای عیراق سیستمی پێشكەوتووی بەرگری ئاسمانی و مووشەكی بۆ دابینبكرێت.

هاوكات سەركردەیەكی دیاری " چوارچێوەی هەماهەنگی" بە عەرەبی ئەلجەدیدی ڕاگەیاندووە، ڕەتكردنەوەی ئەو هەنگاوەی حكومەتی عیراق لەلایەن ئێران، ئاستەنگی سەرەكی جێبەجێكردنێتی، لەبەرئەوەی تاران ئەو كارە بەهەنگاوێكی واشنتۆن دادەنێت دژی خۆی نەك هەنگاوێكی نیشتمانی عیراقی.

لەنێو ناوەندە سیاسیی و حكومییەكانی عیراق ترسی ئەوە هەیە ئەگەر بێتو بەغداد توانای جێبەجێكردنی بەڵێنی چەكداماڵینی میلیشیاكانی نەبێت، ئەوا ئەمریكا ڕێوشوێنی توند دژ بەعیراق دەگرێتەبەر. لەنێویاندا ڕاگرتنی ئەو بڕە دۆلارەی مانگانە ئەمریكا ڕەوانەی عیراقی دەكات ئەوەش هەنگاوێكە كە بەتەواوی هاوسەنگی دارایی و ئابووری لەعیراق تێكدەدات.

ئەوەی كە دۆسێكەی ئاڵۆزتر كردووە، رۆژی 30ی ئەیلولە كە جگە لەوەی مۆڵەتی كۆتایی رادەستكردنی چەكی میلیشیاكانە لەهەمان كاتدا وادەی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمریكایە لەعیراقدا، ئەوەش وایكردووە حكومەتی عیراق لەگەڵ دوو دۆسێی ئاڵۆزدا مامەڵە بكات یەكێكیان تایبەتە بەجێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لەبارەی بوونی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەت و ئەوی تریان بەڕێوەبردنی قۆناغێكی نوێیە لە پەیوەندی ئەمنی لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

مەجاشع تەمیمی، چالاكوانی نزیك  لەڕەوتی سەدر رایگەیاندووە، ڕۆژی 30ی ئەیلول، تاقیكردنەوەیەكی قورسە بۆ سەروەری عیراق و هاوسەنگییە دەرەكییەكەی، بەردەوامی نەگەیشتن بە چارەسەرێك لەبارەی دۆسێی داماڵینی چەك، بەغداد دەخاتە بەردەم ئەگەری مەترسی سزای دارایی و سیاسی ئەمریكا كە درێژ دەبێتەوە بۆ كەرتی بانكی و دامەزراوە فەرمییەكان.

لەلایەن خۆشییەوە لیوا جەواد دەهلەكی، شارەزای بواری سەربازی هۆشداری دەدات لەنەگەیشتن بەرێكەوتن لەبارەی بوونی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەت تا ڕۆژی 30ی ئەیلول:" كاتەكە زۆر كەمی ماوە، هەر شكستێك لەو دۆسێیە حكومەتی عیراق دەخاتە بەردەم كۆمەڵێك بژاردەی قورس، بەلەرچاوگرتنی فشارەكانی ئەمریكاو ئەو پەیامانەی ڕۆژانە لەواشنتۆن-ەوە دەگەنە بەغداد بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆسێیە."

ئەوەی پێویستە بووترێت 30ی ئەیلول بووەتە خاڵی تاقیكردنەوەی حكومەتی عیراق لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان و پەیوەندی نێوان بەغدادو واشنتۆن، لەبەر ڕۆشنایی بەردەوامی دانووستانەكان و نەبوونی ئاسۆی گەیشتن بەرێكەوتن لەبارەی بوونی چەك تەنها لەدەستی دەوڵەت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن