راچڵەکین-
مەترسیی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە.
دانیشتووانی قەزای پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان کە نزیکن لە سنوورەکانی ئێران، نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە لەوەی ئاڵۆزی و شەڕە بەردەوامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر ناوچەکەیان بکاتەوە بە مەیدانی ململانێ و جەنگ.
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی فڕانس پرێس، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا درۆن و مووشەک لە ئاسمانی پێنجوێن بینراون، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا و حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەحمەد فەرەج، هاووڵاتییەکی تەمەن 57 ساڵی دانیشتووی پێنجوێنە کە لە منداڵیدا وێرانیی شارەکەی بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بینیوە، رایگەیاندووە کە نادیاریی داهاتوو و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان ترسێکی گەورەی لای خەڵک دروست کردووە و جەختی کردەوە کە لە کاتی جەنگدا هیچ سنوورێک رێگری لە ماڵوێرانی ناکات.
ئەو هاووڵاتییە بیرەوەرییەکانی ساڵی 1981ی بەیاد دێنێتەوە کاتێک هێرشەکانی سەر قەزاکەی دەیان قوربانیی مەدەنیی لێکەوتەوە و دواتریش رژێمی ئەوکاتی عێراق بە بۆردومان و شۆفڵ تەواوی شارەکەی خاپور کرد بۆ ئەوەی رێگە لە جێگیربوونی هێزەکانی ئێران بگرێت.
گرژی و نیگەرانییەکان لە ناوچە سنوورییەکاندا بەردەوامن، ئەگەرچی بەپێی راپۆرتەکان بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان، ئاستی توندوتیژییەکان تا ڕادەیەک کەمی کردووە.