ئیسرائیل بڕیارێك لەدژی وڵاتێكی ئەوروپا دەردەكات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 200

راچڵەكین -

حكومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا پێگەی دیپلۆماسی لە نوێنەرانی نوسینگەی هۆڵەندا لە شاری رامەڵڵای پایتەختی دەسەڵاتدارییەتی فەلەستین بكشێنێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 27-9-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیاردرا بە كشاندنەوەی پێگەی دیپلۆماسی لە نوێنەرانی نوسینگەی هۆڵەندا لە شاری رامەڵڵا.

بڕیارەكەی ئیسرائیل وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر بڕیارەكەی هۆڵەندا بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی هەموو جۆرە كاڵایەك كە لە كۆمەڵگەكانی نیشتەجێی جوولەكە بەرهەمدەهێنرێت.

وەك لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلدا هاتووە، گەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوە، باڵیۆزخانەی هۆڵەندای لە تەلئەڤیڤ ئاگاداركردووەتەوە كە دەبێ لەماوەی 7 رۆژدا بەڵگەنامە دیپلۆماسییەكانی نوێنەرانی نوسینگەی وڵاتەكەیان لە شاری رامەڵڵا بگەڕێننەوە و لەدوای ئەو بەروارە چیتر هیچ پارێزبەندییەكی دیپلۆماسییان نامێنێت كە لەلایەن حكومەتی ئیسرائیلەوە پێیان دراوە.
 
لەیەكەم لێدوانیشدا لەدوای دەرچوونی بڕیارەكە لەدژی هۆڵەندا، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند: سڵ لە گرتنبەری هیچ رێكارێك لەدژی ئەو وڵاتانە ناكەینەوە كە دەیانەوێ زیان بە وڵاتەكەمان بگەیەنن، هەر وڵاتێكیش نیازی زیانگەیاندنی پێمان هەبێت، وەڵامێكی هێندە گەورەی دەدەینەوە كە پەشیمان ببێتەوە لە دژایەتیكردنی ئیسرائیل.

رۆژی 22ی ئەم مانگە، حكومەتی هۆڵەندا بڕیاری بایكۆتكردنی كاڵا و بەرهەمەكانی ئەو كۆمەڵگایانەی نیشتەجێبوونی جوولەكەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەناوچەی كەناری رۆژئاوا بنیاتنراون، ئەو بڕیارەشی وەك گوشارێك بۆسەر حكومەتی ئیسرائیل لەقەڵەم دا بۆئەوەی چیتر كۆمەڵەی نوێی نیشتەجێبوون لەسەر خاكی فەلەستینییەكان دروستنەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن