راچڵەکین-
رۆژنامەی "جی فێد"ی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رێگەیەکی راستەوخۆی لە تارانەوە بۆ لوبنان بۆ گرووپە چەکدارەکان کردووەتەوە تاوەکو کەلوپەلی سەربازی و ئامێری دارایی بگوێزنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: ئێستا ئیسرائیل خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بە ئامانجی بڕینی ئەم ڕێگە ستراتیژییە لە رێگەی بەئامانجگرتنی ئەو گرووپانەوە کە لە ئێران نزیکن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەو هێزە ئەمریکییانەی لە عێراق کشاونەتەوە لە ئوردن جێگیر بوون، هەروەها بەغدا پەیامێکی هەڕەشەی ڕوونی لە ئوردنەوە پێگەیشتووە کە تێیدا جەخت کراوەتەوە هەر هێرشێک لە عێراقەوە بکرێتە سەر خاکەکەی، رووبەڕووی وەڵامی ڕاستەوخۆ دەبێتەوە.
روونیشیکردووەتەوە کە ئیسرائیل لە ئێستادا لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی لە ئوردن کار دەکات بۆ بەئامانجگرتنی گرووپە چەکدارەکان.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دوای کشانەوەیان لە عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی زیاتری رەوانەی کەنداو و ئوردن کردووە، کە بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئەم هەنگاوە ئامادەکاریی ئەمریکایە بۆ قۆناغێکی نوێ لە ململانێکان لەگەڵ ئێراندا لە دوای هەڵبژاردنە بەراییەکانی ئەمریکا