سەڵاحەدین.. چوار ساڵ زیندانیكردن بەسەر بەرپرسێك دەسەپێندرێت

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 189

راچڵەكین -

دادگای تاوانەكانی سەڵاحەدین سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بەسەر بەرپرسێكی ژنی ئەو پارێزگایەدا سەپاند بەتاوانی ئەنجامدانی كاری نایاسایی لە گواستنەوەی خاوەندارییەتی موڵكێكی گرانبەها.

دەستەی دەستپاكیی عیراق بڵاویكردەوە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی پارێزگای سەڵاحەدین كە بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری نایاسایی دەستگیركرابوو، لەلایەن دادگای تاوانەكانی ئەو پارێزگایە سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەستەكە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 18-10-2026 بڵاوكراوەتەوە، ئەو بەرپرسە ژنە بەشێوەیەكی نایاسایی خاوەندارییەتی موڵكێكی گرانبەهای لە شاری تكریت بۆسەر ناوی هاووڵاتییەك گواستووەتەوە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەكی كڕین و فرۆشتن لەنێ,ان كڕیار و فرۆشیار هەبێت.

دادگاكە لەسەر هەمان كەیس، سزای چوار ساڵ زیندانیكردنی بۆ فەرمانبەرێكی فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی پارێزگای سەڵاحەدین سەپاند كە هاوكاری یاریدەدەری بەڕێوەبەری فەرمانگەكە بووە لە ئەنجامدانی تاوانەكەی.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن