راچڵەكین-
شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی نمەباران و هەورە بروسكە لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەكات.
ئاراس جەبار بڵاویكردووەتەوە، سبەینێ چوارشەممە 20ی تشرینی یەكەمی 2026 لە ئەنجامی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور حاڵەتێكی ناجێگیری كەش و هەوا بە شێوەیەكی لاواز ناوچەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور و هەندێك كات هەوری تەواو.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە كاتەكانی ئێوارە و شەودا ئەگەری چالاكبوونی هەورە بروسكە و ناوبەناو بارینی بارانێكی كەم دەبێت بەتایبەت زیاتر لە ناوچەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و باكوری گەرمیان ، پلەكانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ بە رێژەی 2 پلە نزمدەبنەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەمی 2026 كاریگەری ئەو حاڵەتە ناجێگیریە لەناوچەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و باكوری گەرمیان تا كاتەكانی ئێوارە بەردەوامی دەبێت و ناوبەناو هەورە بروسكە چالاك دەبێتەوە و بارانی كەم بۆ مامناوەند دەبارێت.