ئاسایشی هەولێر لەسەر دەستگیركردنی كەسێكی ناسراوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دێتەدەنگ

کوردستان

56 خولەک پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 118

راچڵەكین-

ئاسایشی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی دەستگیركردنی كەسێكی ناسراوی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەدات و رایدەگەیەنێت، ناوبراو پەیوەندی بە رووداوێكی تەقەكردن لە گەڕەكێكی شاری هەولێر هەبووە.

دەقی روونكردنەوەكە: 

ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی ڕووداوی تەقەكردن لە گەڕەكی زانكۆی شاری هەولێر

لە ڕێكەوتی ٢٠٢٦/٠٩/٢٩، لە گەڕەكی ٩٩ی زانكۆ لە شاری هەولێر، ماتۆرسكیلێك تەقەی لە ماڵی هاوڵاتی (فاطمە ابراهیم) كرد. لەسەر ئەم ڕووداوە، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەستبەجێ دەستی بە بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە كرد؛ سەرەنجام ناسنامەی تۆمەتباری سەرەكی ئاشكرا كرا بەناوی ( م، ع، ع ) و بە فەرمانی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

تۆمەتباری ناوبراو دوای ئەنجامدانی تاوانەكەی هەڵاتبوو بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بەڵام لە كاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لەلایەن هێزەكانمانەوە دەستگیر كرا.

لە درێژەی لێكۆڵینەوەكاندا، تۆمەتبارێكی تر كە كەسێكی ناسراوە لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بەناوی (ع، م، ف) دەستگیر كراوە. ناوبراو لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا لە كامێراكانی چاودێریدا دەركەوتووە كە لەگەڵ تۆمەتباری تەقەكەردا بووە و ماڵی هاوڵاتی (فاطمە)ی دەستنیشان كردووە. لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.

جێگەی ئاماژەیە، تۆمەتبار (ع، م، ف) سەرەڕای ئەم تۆمەتە، تۆمەتبارە بەوەی هانی كەسێكی تری داوە تەقە لە هەمان ماڵ بكات، بەهۆی بوونی كێشەی لەگەڵ كوڕی ئەو ماڵە كە ناوی ( زرار )ـە. شایەنی باسە، ( زرار ) خۆیشی تۆمەتبارە بە تەقەكردن لە نوسینگەی خانوبەرەی (ع، م، ف) و لە ئێستادا بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان هەڵاتووە.

لێكۆڵینەوەكان لەم ڕووداوە و وردەكارییەكانی بەردەوامن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر
20 ئۆكتۆبەری 2026

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن