راچڵەكین -
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان بۆ زێدی خۆیان، كە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، بەردەوامە و بڕیارە زیاتر لە 600 خێزانی دیكەی كوردی نیشتەجێی كەمپەكانی حەسەكە، بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە سەرێ كانی.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026، میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردەوە، لەچوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، ئامادەكاریی دەكرێت بۆ گەڕانەوەی كاروانی شەشەمی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان، كە زیاتر لە 600 خێزان دەبن دیكەی ئاوارەكان كە لە 400 خێزانی كورد پێكهاتووە و بەهۆی شەڕەوە لەشاری سەرێ كانی ئاوارە ببوون و لە كەمپەكانی پارێزگای حەسەكە نیشتەجێ كرابوون، دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خێزانی ئاوارەی كورد، لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاساییكردنەوەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای كوردستان، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە سەرێ كانی و گوندەوارەكانی سەر بەو شارە كوردییە.