راچڵەكین-
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، لەدوای پەسەندكردنی بودجەی 2027ی عیراق، مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان زیاد دەبێـت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای نزیك لەپارتی رایگەیاند، بەگوێرەی یاسای ژمارە 11 ی ساڵی 2011 خزمەتگوزارییەكان بۆ زیندانیانی سیاسی كراونەتە دوو بەش؛ بەشێكیان هاوكاری داراییان بۆ خەرج كراوە و پرۆسەكە بۆ بەشەكەی دیكەش بەردەوام دەبێت.
لەبارەی پرسی یەكخستنی مووچە و شایستەكان، ئاماژەی بەوەكرد، دوو لێكتێگەیشتنیان لەگەڵ دامەزراوەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی حكوومەتی عێراق هەیە. ئاماژەی بەوەش دا لە كاتی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق داوای كردووە شایستە داراییەكانی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان وەك بەغدای لێ بكرێت.
عەبدوڵڵا حاجی مەحموود ڕوونیكردەوە، ئێستا مووچەی زیندانیانی سیاسی لە بەغدا ملیۆنێك و 200 هەزار دینارە لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام لەدوای پەسەندكردنی بودجەی 2027 و لەگەڵ تەرخانكردنی بودجەی پێویست، مووچەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەبێتە 1 ملیۆن و 200 هەزار دینار.
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان فەرمانی وەرگرتنی زەوییان بۆ دەرچووە و تەنیا دیاریكردن و دەستنیشانكردنی زەوییەكان ماوە، داواشی كرد هەركەسێك كێشەی لە ناوەكەیدا هەیە سەردانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان بكات.