راچڵەكین -
پۆلیسی راپەڕین دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی لە قەزای رانیە راگەیاند، كە بەبیانووی دووعا و نوشتەوە كچانی هەڵدەخەڵەتاند.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، كە ئەمڕۆ چوارشەمە 21-10-2026 بڵاوكراوەتەوە، دوای ئەوەی ئاگاداركرانەوە كە كەسێك لە ڕێگای ئەكاونتێكی سناپ چاتەوە بانگەشەی ئەوە دەكات كە لە ڕێگای دووعا و نوشتەوە بە بیانووی ئەوەی ئەو كچانەی هاوسەرگیرییان نەكردووە، بۆیان ئاسان دەكات یاخود هەر شتێكی تر كە مەبەستیان بێت، بەڵام هەمووی دوورە لە ڕاستی و بەڵكو لە بنەڕەتدا بۆ مەرامی جنسی هەڵیان دەخەڵەتێنێ.
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، توانرا بە ماوەی كەمتر لە 24 كاتژمێر تۆمەتبارێك بەناوی (ج،ع،ح) لە ڕەگەزی نێر كە خەڵكی سووریایە دەستگیر بكرێت، و لە هەمان كاتدا دەستبەسەر ئەو ئەكاونتە سناپچاتەدا گیرا كە تۆمەتبار بۆ هەڵخەلەتاندن بەكاری هێناوە.
تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە لە بەردەم دادوەرو پۆلیس دا دانینا بە تاوانەكەی دا و بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەـ بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عیراقی، ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.