راچڵەكین -
دادگای كارگێڕیی سلێمانی بڕیارێكی پێشووی پارێزگای سلێمانی بۆ تۆماركردنی شوقە و خانوو بەناوی هاووڵاتیانی عەرەب و بیانی، هەڵدەوەشێنێتەوە و جەخت لەوە دەكاتەوە كە پارێزگاری سلێمانی بەگوێرەی یاسای پارێزگاكانی هەرێم (یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009)، خاوەنی هیچ دەسەڵاتێكی یاسادانان یان دەركردنی مۆڵەت نییە بۆ ڕێكخستنی خاوەندارێتیی خانوبەرە بۆ كەسانی دەرەوەی هەرێم.
بەگوێرەی نوسراوێكی دادگای كارگێڕیی سلێمانی سەر ئەنجومەنی شورای هەرێم، كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2026 دادگاكە لەسەر داوایەی كە سێ داواكار لەسەر پارێزگاری سلێمانی تۆماریان كردووە، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی كارگێڕیی ژمارە (٦٤٤٨ لــە ٦/٦/٢٠١٦)ی پارێزگای سلێمانی، كە رەزامەندیان داوە بە (تۆماركردنی شوقەو خانوو بە ناوی هاوڵاتیانی عێراقی و هاوڵاتیانی بیانی بە هاوشێوەی هاوڵاتیانی سلێمانی ) لەژێر ناوی "گەشەپێدانی بواری گەشتیاری و ئابووری.
دادگای سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە ئەو بڕیارەی لەپێناو پاراستن و ڕێگریكردن لە شێواندنی دیمۆگرافیای كوردستان دەرکردووە.