راچڵەكین-
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت، تەواوی هاوڵاتیانی ناوچەكانی تری عیراق بەبێ جیاكاری مافی یاسایی تەواویان هەیە بۆ كڕینی موڵك و یەكەی نیشتەجێبوون لەسلێمانی.
ڕۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەكەمی 2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لە روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی و وەبەرهێنەران دەڵێت: سەبارەت بەو بڕیارەی ئەم دوایەیی دادگای كارگێڕیی سلێمانی (ژمارە ٥٧/ك/٢٠٢٦) كە لە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بە هەڵە یان بە ئاڕاستەی جیاواز لێكدانەوەی بۆ كراوە، وەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی، پاڵپشت بە ڕوونكردنەوەی فەرمیی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی، جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەكەینەوە:
١. بەردەوامیی پرۆسەی وەبەرهێنان و خاوەندارێتی: جەخت دەكەینەوە كە ژینگەی وەبەرهێنان و مامەڵەی كڕین و فروشتنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و یاساكانی وەبەرهێنان لە پارێزگای سلێمانی وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن و هیچ گۆڕانكارییەك لە مافی خاوەندارێتیی یاسایی دروست نەبووە.
٢. یەكسانی لە مافی خاوەندارێتی: بەپێی دەستووری عێراق و یاسای تۆماركردنی خانووبەرە و یاسای وەبەرهێنان، تەواوی هاووڵاتیانی ناوچەكانی تری عێراق بەبێ جیاكاری مافی یاسایی تەواویان هەیە بۆ خاوەندارێتیی كڕینی شوقە، خانوو و یەكەكانی نیشتەجێبوون لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی.
٣. نەبوونی هێزی یاسایی گشتی لەسەر بڕیارەكە: وەك دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی ڕوونی كردووەتەوە، بڕیاری ئاماژەپێكراو تەنها تاوتوێی حاڵەتێكی تایبەتی كردووە لە ڕووی تایبەتمەندێتییەوە (اختصاص)، بڕیاری كۆتایی (پلەی بنەبڕی) وەرنەگرتووە و ناكرێت گشتاندنی بۆ باری گشتیی خاوەندارێتی و وەبەرهێنان لە شارەكەدا بكارێت.
٤. دڵنیایی بە وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان: دڵنیایی تەواو دەدەینە تەواوی وەبەرهێنەران، كۆمپانیاكان و كڕیارانی یەكەكانی نیشتەجێبوون كە سلێمانی وەك هەمیشە شارێكی كراوە، ئارام و پڕ لە دەرفەتی وەبەرهێنانە بۆ هەمووان، و سەرجەم مافە یاسایی و داراییەكانی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان بەپێی یاسا بەركارەكان پارێزراون.