دەرچوانی ناوچە كوردستانییەكان لە زانكۆكانی هەرێم وەردەگیرێن

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 98

راچڵەكین -

وەزارتی خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستی بڵاویكردەوە، سەرجەم دەرچوانی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران و نزیكەی 880 خوێندكاری ئەو ناوچانە ناویان لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان گەڕایەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر راسپاردەی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ڕەزامەندی نیشاندرا لەسەر وەرگرتنی سەرجەم دەرچوانی خوێندنگە كوردییەكانی كەركوك و خانەقین و شەنگال و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان 878 دەرچووە.

دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم دەرگای پێشكەشكردنی لە ڕێگەی زانكۆلاین بۆ دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە بەشی خوێندنی كوردی لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كردەوە، لە ئەنجامدا بۆ ئەمساڵیش وەك سەرجەم ساڵەكانی دیكە، بە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر، وەزارەتەكە ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر وەرگرتنی 878 خوێندكاری شاری كەركوك و خانەقین و شەنگال و تەواوی ناوچە كوردستانییەكان، لەزانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بەهەمان پێوەر و كۆنمرەی وەرگیراوی خوێندكارانی هەرێم بۆ ساڵی خوێدنی (2026-2027).

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرایكردووە، 13 هەزار و پێنج دەرچوی خوێندنگە كوردییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، داواكارییان بۆ زانكۆكانی هەرێم پێشكەشكردووە، لەئێستادا 878 خوێندكاری دەرچوو وەرگیراون، ئەوانەی دیكەش دواتر بە پێی كۆنمرەكانیان، لە شوێنی شایستەی خۆیان ناویان دەگەڕێتەوە، بەمەش ڕێژەی وەرگرتنیان دەبێتە سەدا سەد.

بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی وەرگیراوان، كلیك لەم بەستەرە بكە:

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن