راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆ روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی بوونی درۆن یان هێز و یەكەی سەربازیی ئۆكراینی لە خاكی هەرێم دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێ بنەمان و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلكێشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ناو ململانێكان نادرێت.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-10-2026 بڵاویكردووەتەوە، جەختی لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی بێلایەنی و خۆبەدوورگرتن لە ناكۆكییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانە ڕەت دەكاتەوە كە لە ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندندا بڵاوكراونەتەوە، سەبارەت بە بوونی درۆن یان هێز و یەكەی سەربازیی ئۆكراینی لە خاكی هەرێمدا، و بە تەواوی دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێ بنەمان.
لەم سۆنگەیەوە، جەخت لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە لە پەیڕەوكردنی سیاسەتی بێلایەنی، خۆبەدوورگرتن لە ناكۆكییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان، و ڕەتكردنەوەی هەر هەوڵێك بۆ بەكارهێنانی خاكی هەرێم وەك پێگەیەك بۆ هەر جۆرە جووڵەیەكی سەربازی یان دوژمنكارانە دژ بە هەر وڵاتێك.
لە كۆتاییدا، دووپاتی دەكەینەوە كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی كارەكانمانە، و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلكێشكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت.