رووسیا بەشێكی دیكەی سەربازە دیلەكانی ئۆكراینا ئازاد دەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لەچوارچێوەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئیستانبوڵ لەگەڵ ئۆكراینا، بڕیاریدا 270 سەربازی دیكەی ئەو وڵاتە ئازاد بكات، كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون.

ئەمڕۆ هەینی 23-10-2026، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە دانوستانەكانی ئیستانبوڵ كرا، كە یەكێك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئازادكردنی سەربازە دیلەكانی نێوان رووسیا و ئۆكراینایە، 270 دیلی دیكەی جەنگی ئۆكراینا ئازاد كران و لەڕێی تیمی خاچی سووری نێودەوڵەتییەوە رەوانەی وڵاتەكەیان كرانەوە، لە بەرامبەردا ئۆكرایناش 270 سەربازی رووسیای ئازاد كرد.

وەزارەتەكە ئاشكریكردووە، سەربازە دیلەكانی رووسیا دوای ئازادبوونیان، رەوانەی وڵاتی بێلارووس كراون و دوای ئەنجامدانی پشكنینی پزیشكی و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، دەگەڕێندرێنەوە بۆ رووسیا و رەوانەی ماڵەوە دەكرێنەوە.

رووسیا جگە لە ئازادكردنی ئەو ژمارە سەربازە دیلەی ئۆكراینا، هاوكات تەرمی 252 سەربازی ئەو وڵاتەش رادەستی وڵاتەكیان كردەوە، كە پێشتر لە بەرەكانی جەنگدا كوژرابوون، لە بەرامبەر ئۆكرایناش تەرمی 25 سەربازی رووسیای رادەستی مۆسكۆ كردەوە.

تائێستا رووسیا و ئۆكراینا هەزاران سەربازی یەكتریان ئازادكردووە، كە لە بەرەكانی جەنگدا بەدیل گیرابوون، پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت بەئامانجی ئازادكردنی سەرجەم سەربازە دیلەكانی هەردوو وڵات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن