راچڵەكین -
شاندێكی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پابەندی و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەردەوامیی دانووستانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی، لەبارەی پابەندی و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، ئەمڕۆ هەینی 23ی تشرینی یەكەمی 2026، شاندێكی باڵای دانوستانكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی بەغدا دەكات.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، شاندەكە پێكهاتوون لە سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجە و ژمێركاری لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان.
بڕیارە لە ماوەی سەردانەكەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە كوردستانییەكان لە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان، كۆبوونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵی ئەنجام بدات، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان و گەیشتن بە تێگەیشتنێكی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەكانی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.