ژمارەی قوربانیانی هێرشی سەر كڵێساكەی ئوردن بەرزبوەوە

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 120

راچڵەكین-

میدیاكانی ئوردن بڵاویانكردەوە، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆى هێرشەكەی سەر كڵێسای كەرەك، گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەشت كەس، وەزیری تەندروستی وڵاتەكەش دەڵێت لەنێو بریندارەكاندا دووانیان دۆخی تەندروستییان جێگیر نییە.

ئیبراهیم بدور، وەزیری تەندروستی ئوردن بەمیدیای وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، 27 كەس بەهۆی هێرشەكەوە بریندارن و لەئێستادا چارەسەر وەردەگرن، دوو لەو بریندارانەش بەهۆی سەختی برینەكەیانەوە لەنەخۆشخانەی عەلی بن حسێن-ی سەربازی چارەسەر وەردەگرن.

هاوكات كەناڵی " شانشینی ئوردنی" بڵاویكردووەتەوە، تائێستا هیچ هەواڵێكی فەرمی لەلایەن ئاسایشی ئوردنەوە نییە جەخت لە دەستگیركردنی ئەو شانە تیرۆرستییە بكات كە هێرشەكەیان ئەنجامداوە، لەكاتێكدا پێشتر واباس كرابوو یەكێك لەهێرشبەرەكان دەستگیركراوە.

ڕۆژی هەیینی 23ی تشرینی یەكەم، ژمارەیەك چەكدار كە چەند سەرچاوەیەك دەڵێن دووان بوون و هەندێكی تر دەڵێن سیان بوون، هێرشیانكردە سەر كڵێسای یۆنانیی ئۆرسۆدۆكسی لە شارۆچكەی حەموود لە باكووری كەرەك كە زۆربەی دانیشتووانەكەی كریستیانن. 

بەووتەی شایەتحاڵێكی ڕووداوەكە، ئۆتۆمبێلێك كە چەند چەكدارێكی تێدا بووە چووەتە بەردەم كڵێساكە، دواتر چەكدارەكان چوونەتە ژوورەوە و بۆ نزیكەی پێنج خولەك بە شێوەیەكی بەردەوام دەستڕێژی گوللەیان كردووە و پاشان بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتوون.

شایەتحاڵان ئاماژەیان بەوە كردووە، لە كاتی هێرشەكەدا لە نێوان 150 بۆ 200 كەس لە نێو كڵێساكەو دەوروبەریدا بوون، زۆربەی قوربانییەكان تەمەنیان لەنێوان 50 بۆ 70 ساڵدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن