راچڵەكین-
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری دەدات لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش لە عیراق، هەربۆیە داوا لەهاوڵاتییانی دەكات بۆ هەر هۆكارو مەبەستێك بێت سەردانی عیراق نەكەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حكومەتی عیراق توانای ئەوەی نییە لەكاتی ڕوودانی هەر كردەیەكی توندو تیژی یان ململانێی چەكداری لەناكاو، هاوڵاتییانی ئەمریكی بپارێزێت.
ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، ئەو كارمەندە ئەمریكییانەی لەعیراق دەژین، پابەندن بەوەی لەژێر پرۆتۆكۆلی توندی ئەمنیدابن و كار بكەن. كارمەندانی حكومەتی ئەمریكاش بۆ گەشتكردن بۆ عیراق پێویستیان بەمۆڵەتی تایبەت دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هۆشداری داوە لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو مەترسیانەی ڕوبەڕووی هاوڵاتییانی ئەمریكی دەبێتەوە لەعیراق و دەڵێت، گرووپە دژەكانی ئەمریكاش هەڕەشەن بۆسەر ئەمریكییەكان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، گرووپە تیرۆرستییەكان لەنێویاندا گرووپە هاوپەیمانەكان لەگەڵ ئێران و ڕێكخراوی داعش هانی ئەنجامدانی هێرش دژ بە كەسان و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دەدەن لەعیراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوای لەهاوڵاتییانی ئەو وڵاتە لەعیراق كردووە پلانێك بۆ جێهێشتنی عیراق دابنێن كە پشت بەهاوكاری حكومەتی ئەمریكا نەبەستێت، هاوكات بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەو لایەنەی كاری لەگەڵدا دەكەن یان لایەنی میوندار پلانێكی خۆپارێزی دابنێن و بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتە ئەمنیی و ڕێنماییانە بكەن كە تایبەتن بە گەشتكردن بۆ ناوچە مەترسیدارەكان لەعیراق.