راچڵەكین -
حكومەتی رووسیا دەنگۆی كشانەوەی پسپۆڕەكانی لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهری ئێرانن رەتدەكاتەوە و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتەش لە تاران ئاشكرایدەكات سەرجەم چالاكییەكانی پسپۆڕانی رووسیا لەو وێستگەیە بەردەوامە.
باڵیۆزخانەی رووسیا لە تاران لە راگەیەندراوێكدا سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكرێت پسپۆڕانی وزەی ئەو وڵاتە لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە باشووری ئێران كشاونەتەوە و هیچ كارمەند و پسپۆڕێكی ئەو وڵاتە لە وێستگەكەدا نەماون.
باڵیۆزخانەكە ئاشكرایكرد، پسپۆڕەكانمان لە وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر لە كارەكانیان بەردەوامن و بەشێوەیە ئاسایی چالاكیی رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، هیچ بڕیارێكیش نەدراوە بۆ كشاندنەوەیان.
لەچەند رۆژی رابردوودا، میدیاكانی رۆژئاوا بڵاویانكردەوە، رووسیا بڕیاریداوە سەرجەم كارمەند و پسپۆڕەكانی كە لە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر-ی ئێران كاردەكەن، بگەڕێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش فڕۆكەیەكی تایبەتی رەوانەی ئێران كردووە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵات.