پوتین لەسەر گرژییەكانی بەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا قسەی خۆی كرد

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 171


راچڵەكین-

سەرۆكی ڕووسیا رایگەیاند، تۆمەتباركردنی وڵاتەكەی بەوەی هانی بارگرژییەكان دەدات لەبەشێك لەوڵاتانی ئەوروپا :" پێشێلكارییەكی ڕوونە."

ڤلادیمێر پوتین، لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئەو جۆرە لەتۆمەت بەخشینەوەیە دەرخستەی لاوازی سیاسییەكانی ئەوروپاو دەستەوەستانبوونیانە بۆ لەئەستۆگرتنی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە.

سەرۆكی ڕووسیا سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەوەی كە بەشێك لەكاردانەوەی بەرپرسانی ئەوروپا، تۆمەتباركردنی ئەمریكا بوو لەو گرژییانەدا بەپاساوی ئەوەی واشنتۆن پشتیوانی لە پارت و ڕەوتە ڕاستڕەوەكان دەكات.

" ئەو جۆرە قسانە كەمێك سەیربوو بەلامەوە، بەتەواویش جێی تێڕامان بوون، لەبەرئەوەی بڕوام نەدەكرد سەركردەكانی ئەوروپا بەو شێوەیە هێرشبكەنە سەرهاوپەیمانە سەرەكیی و بەرگریكارەكەیان." ڤلادیمێر پوتین وا دەڵێت.

لێدوانەكانی سەرۆكی ڕووسیا دوای ئەوە دێن، كەچەند ڕۆژێكە لەوڵاتانی ئەوروپا وەك فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئەلبانیا، پرتوگال، بەلجیكاو ئیسپانیا، دژی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو سووتەمەنی خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێن كە لەهەندێك وڵات توندوتیژی و تاڵانی لێكەوتووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن