هێزەكانی یەبەشە تێكەڵ بەهێزە ئەمنییەكانی عیراق دەكرێن

عێراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 81


راچڵەكین-

پرۆسەی تێكەڵكردنی شەڕڤانانی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال ( یەبەشە) بەهێزە ئەمنییەكانی عیراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەرپرسیارێتی ئەمنی چیای شەنگال-یش دەگوازرێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ.

ڕۆژی دووشەممە 26ی تشرینی یەكەمی 2026 نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، بەسەرپەرشتی عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان پرۆسەی تێكەڵكردنی شەڕڤانانی یەبەشە بەهێزە ئەمنییەكانی عیراق لەچیای شەنگال بەڕێوەدەچێت.

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، پرۆسەكە دەچێتە چوارچێوەی بەرنامەی حكومەتی عیراق بۆ بوونی چەك تەنها بەدەستی دەوڵەت بەئامانجی هێنانەكایەی قۆناغێكی نوێ لەبەرپرسیارێتی ئەمنی لە قەزای شەنگال.

لەبەشێكی تری راگەیەندراوەكەی نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراقدا هاتووە، حكومەت قوربانییەكانی پێكهاتەی ئێزدییەكان بۆ بەرگریكردن لە عیراق بەگشتی و شەنگال بەتایبەتی دژ بە هێزە تیرۆرستییەكان بەرز دەنرخێنێت.

هەروەك جەختكراوە لەپابەندبوونی حكومەتی عیراق بە پاراستنی تەواوی مافەكانی ئێزدییەكان و قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیان و ئەو كەسانەی بەهۆی كردە تیرۆرستییەكان زیانیان بەركەوتووە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، پرۆسەی تێكەڵكردنی شەڕڤانانی یەبەشە لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەكانی عیراق نزیكەی پێنج هەزار شەڕڤان دەگرێتەوە و بەچەند قۆناغێك ئەنجامدەدرێت، شەڕڤانانيش ئەركی پاراستنی ناوچەكەیان پێدەسپێردرێتەوە.

یەكینەكانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، هێزێكی چەكداری ئێزیدییەكانە لە شنگال، لە دوای هێرشەكانی رێكخراوی داعش و كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە ساڵی 2014 پێكهێنرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن