ناتانیاهۆ ڕوبەڕووی قورسترین تاقیكردنەوەی سیاسی دەبێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 64


راچڵەكین-

هاوڵاتییانی ئیسرایلی ڕوویان لەسندوقەكانی دەنگدانی ئەو وڵاتە كرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ، هەڵبژاردنێك كێبڕكێیەكی سەخت لەنێوان بنیامین ناتانیاهۆ-ی سەرۆكوەزیرانی ئیسرایل و ڕكابەرەكانی بەخۆوە دەبینێت.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە كە ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەكەم بەرێوەدەچێت 7.3 ملیۆن هاوڵاتی ئیسرایلی مافی دەنگدانیان هەیە لە 26هەمین خولی هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی كنێست كە ژمارەیان 120 ئەندامە.

پرۆسەكەش بەیەكەم هەڵبژاردن دادەنرێت دوای هێرشەكانی چەكدارانی حەماس بۆسەر ئیسرایل لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023 و هێرشەكانی سوپای ئەو وڵاتە بۆسەر كەرتی غەززە.

ڕكابەری سەرەكی لەم هەڵبژاردنەدا لەنێوان بنیامین ناتانیاهۆو گادی ئایزنكۆت-دایە، كەسەرۆكایەتی پارتی " یەشار" دەكات و كار بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەك بۆ كۆتایی هێنان بە هەژموونی ناتانیاهۆ  دەكات .

بۆ پێكهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیش پێویستە ئەو پارتەی سەركەوتن بەدەستدەهێنێت پشتیوانی 61 ئەندامی كنێستی هەبێت، ئەوەش وادەكات پارتە بچووكەكانی ئیسرایل ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت لەیەكلاكردنەوەی ئەو ململانێیە.

لەم هەڵبژاردنەدا 37 لیستی هەڵبژاردن كێبڕكێی یەكدی دەكەن بەڵام پێشبینی دەكرێت سێیەكیان بتوانن ڕێژەی پێویستی دەنگەكان بەدەستبهێنن بۆچوونە كنێست كە بە 3.25% دیاریكراوە، ماوەی خولی کنێست 4 ساڵە، بەبێ ئەوەی هیچ سنووردارکردنێک هەبێت بۆ ژمارەی خولەکانی سەرۆکوەزیران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن