راچڵەکین-
دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا خۆیان بۆ رووبەڕوبوونەوەی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان لە ئەمڕۆدا ئامادە دەکەن کە هاوكاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی جەژنی هاڵۆویندا و بۆ ئەو مەبەستەش 70 هەزار ئەندامی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانیان لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لۆران نۆنیز، وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا جەختی لە بەرپەرچدانەوەیەکی توند کردەوە بەرامبەر هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش دوای هەفتەیەک لە رووبەڕووبوونەوە و زیانگەیاندن بە فرۆشگا و بینا گشتییەکان.
مەترسییە ئەمنییەکان زیاتر لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا چڕبوونەتەوە، بە تایبەت دوای کۆتاییهاتنی خۆپیشانداندنە سەرەکییەکان، کاتێک ئەگەری هەیە بەشداربووان کەشوهەوای هاڵۆوین و دەمامکەکان بۆ شاردنەوەی ڕوخساریان و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و تاڵانکاری بەکاربهێنن.
وەزیری ناوخۆ جەختی کردەوە کە یاسا رێگە بە رێگریکردن لە داپۆشینی ڕوخسار دەدات لە کاتی بوونی هەر مەترسییەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی گشتی، بەتایبەت کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای ڕێکخستنی کۆبوونەوەی توندوتیژکارانە کراوە.
ئەم خۆپیشاندانانە چەندین داواکاری جۆراوجۆر لەخۆدەگرن، لەوانە باشترکردنی رەوشی قوتابخانەکان، چارەسەرکردنی قەرەباڵغیی پۆلەکان و رەتکردنەوەی سیستەمی وەرگرتنی زانکۆکان، لە کاتێکدا سەندیکا و گروپەکانی تر سەرنجیان لەسەر داواکردنی زیادکردنی مووچە و دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە.
فراوانبوونی ئەم ناڕەزایەتییانە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی گفتوگۆکانی بودجەی ساڵی 2027، کاتێک حکومەت لەژێر گوشارێکی تونددایە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و راگرتنی رێژەی قەرزی گشتی.
لە رووی ئابوورییەوە، خەمڵاندنەکانی ژووری بازرگانی ئاماژە بەوە دەکەن کە زیانی بازرگانانی وردەفرۆش لە یەک ملیار یۆرۆ تێپەڕیوە، لە کاتێکدا خەمڵاندنەکانی تر بە هەژمارکردنی زیانە بێ بیمەکان و لەدەستدانی داهات زیانەکان بۆ دوو هێندە بەرز دەکەنەوە، ئەمەش وایکردووە خاوەن فرۆشگاکان رووبەروو دۆخێکی سەخت و مانگرتن ببنەوە.
هاوکات حکومەت کار لەسەر پڕۆژەیاسایەک دەکات کە سزای دارایی تا 10 هەزار یۆرۆ بەسەر ئاژاوەگێڕاندا دەسەپێنێت، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پارێزەران هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم سزادانە بەکۆمەڵە رەنگە کاربکاتە سەر مافی خۆپیشاندانی ئاشتییانە.