هۆشداری توند دەدرێت بەو كەسانەی لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لایڤ دەكەنەوە

کوردستان

1 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 350

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هۆشداری دەدات بەو كەسانەی لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەتایبەت پلاتفۆرمی تیكتۆك دەردەكەون و لایڤ دەكەنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لەڕاگەیەندراوێكدا كە ڕۆژی سێشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژەی بەوەكردووە، بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و كەلتوری كۆمەڵایەتی، و ڕێگریكردن لە دیاردەی نەخوازراو، سەرجەم هاووڵاتیان ئاگادار دەكەنەوە:" لەمەودوا بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكارهێنانی وشەی نەشیاو، جنێودان، سووكایەتیكردن بە یەكدی، یان بڵاوكردنەوەی وێنە و ناوەرۆكی نەگونجاو."

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە :"ئەم جۆرە ڕەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەهای كۆمەڵایەتین، دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین كێشە و تاوان، بۆیە هەركەسێك سەرپێچی بكات ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە."

هاوكات داوا لەو كەسانە كراوە كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لایڤ ئەنجام دەدەن، لە ماوەی 15 ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بكەن بە مەبەستی دروستكردنی دۆسیەی تایبەت و پڕكردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەكان:" هەر كەسێك بە پێچەوانەوە پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لەبەرامبەر یاسادا."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن