راچڵەكین-
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان وادەی دابەشكردنی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەرانی راگەیاند.
وەزارەتی دارایی ئابووری لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوانیوەرۆی چوارشەممە 4ی تشرینی دووەمی 2026 بڕی ( 834،920،000،000 ) هەشت سەدو سی و چوار ملیارو نۆسەدو بیست ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەكەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.
وەك لەڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی ( 120،000،000،000 ) سەدو بیست ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە كۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
هەروەها بڕی ( 4،476،540،000 ) چوار ملیارو چوار سەدو حەفتاو شەش ملیۆن و پێنج سەدو چل هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی یەكەم نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونیكردووەتەوە، لەبەرئەوەی كاتی داخڵ بوونی پارە بۆ سەر هەژماری وەزارەتمان كەوتە كۆتایی دەوامی فەڕمی، بەو هۆیەوە تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق دەكەوێتە ڕۆژی پێنجشەممە 5ی تشرینی دووەم لە كاتی دەوامی فەرمی.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بڵاودەكرێتەوە، بەهۆی ئەوەی ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری بانكی مووچەخۆران پێویستی بە ڕێكاری تەكنیكییە لە بانكی ناوەندی عیراق بە سیستەمی ( ACH ) و جێبەجێكردنی ئەو ڕێكارەش پێویستی بە ماوەی ڕۆژێكی تەواو هەیە ، ئەوەش وادەكات تەواو كردنی ڕێكارەكانی گواستنەوەی پارە بۆ سەر هەژماری مووچە خۆران بكەوێتە ڕۆژی یەك شەممە، چونكە ڕۆژی هەینی و شەممە پشووی فەرمییە لە بانكی ناوەندی عیراق و ناتوانرێت لەكاتی پشودا ئەو ڕێكارانە ئەنجام بدرێت. وەزارەتی دارایی هەرێم وادەڵێت.