شەپۆلێكی باران و بەفربارین ڕوو لەهەرێمی كوردستان دەكات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 146

راچڵەكین-

شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی دەكات شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لەهەرێمی كوردستان بكات كە لەهەندێك ناوچە دەبێتە هۆی ڕوودانی لافاو، هاوكات لەناوچە شاخاویە بەرزەكان بەفر دەبارێت.

ئاراس جەبار، بڵاویكردووەتەوە، ڕۆژی هەیینی 6ی تشرینی دووەمی 2026 لە ئەنجامی قوڵبوونەوەی كاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و هاتنی شێیەكی زۆر لە دەریای سور، لە كاتەكانی بەیانییەوە شەپۆلێكی هەورە بروسكە و بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. سەرەتا لە ناوچەكانی پارێزگای دهۆك و رۆژئاوای هەرێمەوە دەستپێدەكات پاشان بە گوێرەی كات لە دوای نیوەرۆ بۆ شەو سەرجەم ناوچەكان دەگرێتەوە بارانی بەخوڕی پچڕپچڕ دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی هەورە بروسكەی توند. پلەكانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ 2 پلە نزمدەبنەوە.

كاریگەری ئەو شەپۆلە بۆ ڕۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم، لەسەر سەرجەم ناوچەكانمان قوڵتر دەبێتەوە و شێوازی باران دەگۆرێت بۆ بارانی بەردەوام و هەندێك كاتیش بارانەكە بە لێزمە دەبارێت لەگەڵ روودانی هەورە بروسكەو بارینی تەرزە لە هەندێ شوێندا، پێشبینی دەكرێت زۆرترین كاریگەری لەسەر ناوچەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بێت لەو ناوچانەدا بەهۆی زۆری بارینی باران و بارانی بەخوڕەوە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و مەترسی دروستبوونی لافاویش لە هەندێ شوێندا دەبێت.

كاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ رۆژی یەكشەمە 8ی تشرینی دووەم بە مامناوەندی تا كاتەكانی ئێوارە لەسەر ناوچەكە دەمێنێتەوە و لەشەودا لاواز دەبێت و كۆتایی پێدێت، هەمان ڕۆژ بارستە هەوایەكی ساردیش ناوچەكە دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما بەرێژەیەكی بەرچاو نزمدەبنەوە و بەفر لە ناوچە شاخاویەكان دەبارێت بەتایبەت لەبەرزی زیاتر لە 1500م لە ئاستی ڕووی دەریاوە واتا لەسەنتەری حاجی ئۆمەران ئەگەری بارینی یەكەم بەفری ئەمساڵ دەبێت . 
 
رێژەی بارانی پێشبینیكراو بە ملم لەماوەی كاریگەری ئەم شەپۆلەدا 
پارێزگای هەولێر 30 - 40 ملم
پارێزگای سلێمانی 100 - 150 ملم
پارێزگای دهۆك 50 - 60 ملم
پارێزگای هەڵەبجە 100 - 150 ملم
پارێزگای كەركوك 30 - 40 ملم 
ئیدارەی گەرمیان 60 - 100 ملم
ئیدارەی راپەرین 60 - 100 ملم
ئیدارەی سۆران 50 - 80 ملم

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن