یەكێتیی ئەوروپا گوژمەیەكی دیكەی قەرز بە ئۆكراینا دەبەخشێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 94

راچڵەكین -

یەكێتیی ئەوروپا لەچوارچێوەی پاڵپشتییەكانی بۆ ئۆكراینا لە جەنگی دژ بە رووسیا، بڕیاریدا گوژمەیەكی دیكەی قەرز بەو وڵات بدات كە بڕەكەی زیاتر لە چوار ملیار یۆرۆیە و كۆی ئەو قەرزەشی كە پلانی داناوە بە ئۆكراینای ببەخشێت دەگاتە 90 ملیار یۆرۆ.

كۆمسیاری ئابووریی سەر بە یەكێتیی ئەوروپا بڵاویكردەوە، وڵاتای یەكێتییەكە بڕیاریاندا بڕی چوار ملیار و 360 ملیۆن یۆرۆ لەشێوەی قەرز بە ئۆكراینا بدەن، كە سێ ملیار و 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و خەرجییە سەرەكییانە، 660 لیۆن یۆرۆش بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەربازییەكانی سوپای ئۆكراینایە.

یەكێتیی ئەوروپا پێشتر رەزامەندیی دەربڕیبوو لەسەر پێدانی قەرز بەبڕی 90 ملیار یۆرۆ بە ئۆكراینا، كە بەچەند گوژمەیەك رەوانەی ئەو وڵاتە دەكرێت، تائێستاش دوو گوژمەی قەرز بە ئۆكراینا دراوە و چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ گوژمەی دیكەی قەرزی پێبدرێت، بەڵام بە مەرجی جێبەجێكردنی ئەو 13 داواكارییەی كە یەكێتیی ئەوروپا لەسەر ئۆكراینای سەپاندووە، لەوانەش كەمكردنەوەی خەرجییە ناپێویستەكان و لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی گەندەڵی، كە چەندین بەرپرسی حكومی و فەرماندەی باڵای ئۆكراینا تێوەگلاون.

لەوەتەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا لە شوباتی 2022 دەستی پێكردووە، تائێستا یەكێتیی ئەوروپا جگە لە سەپاندنی هەزاران سزای جۆراوجۆر بەسەر رووسیا، بە دەیان ملیار یۆرۆش هاوكاریی دارایی و سەربازیی پێشكەشی ئۆكراینا كردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن