راچڵەكین -
یەكینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا گەیشتنە رێككەوتنی سەرەتایی بۆ تێكەڵبوونی هێزەكانیان و دەبنە هێزی ئەركە تایبەتەكان لەچوارچێوەی پێكهاتە ئەمنییەكانی وەزارەتەكە.
بەگوێرەی میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان، رێككەوتنە سەرەتاییەكە بەم جۆرەیە، یەكینەكانی پاراستنی ژن لەچوارچێوەی دوو یەكەی تایبەتی ئەمنی كە ژمارەی هەر یەكەیەك 400 كەسە، تێكەڵ بە پێكهاتەكانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەبن، لەژێر ناوی هێزی ئەركە تایبەتەكان.
ئەو دوو یەكە ئەمنییەی یەكینەكانی پاراستنی ژن، یەكێكیان لە پارێزگای حەسەكە دەبێت و ئەوی دیكە لە پارێزگای حەلەب دەبێت، ئەو شەرڤانانەی دیكەش كە تائێستا چارەنووسیان یەكلایی نەكراوەتەوە، بڕیارە تێكەڵ بە لقەكانی ئاسایشی گشتیی سووریا لە پارێزگاكانی حەسەكە، حەلەب و رەققە بكرێن.