رێكخراوێكی ئیسلامی كارو چالاكییەكانی لە ئەمریكا رادەگرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 79

راچڵەكین -

رێكخراوێكی ئیسلامی بڕیاریدا سەرجەم كارو و چالاكییەكانی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا هەڵپەسێرێت، ئەمەش دوای پۆلێنكردنی لەلایەن ئیدارەی ویلایەتەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی.

ئەمڕۆ هەینی 6-11-2026، ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی - ئیسلامی، كە یەكێكە لە رێكخراوە هەرە دیارەكانی ئیسلامی لە ئەمریكا، سەرجەم كارو و چالاكییەكانی لە ویلایەتی فلۆریدا هەڵپەسارد، ئەم هەنگاوەش وەك كاردانەوەیەك دێت بەرامبەر بڕیارەكەی ئیدارەی ئەو ویلایەتە بە پۆلێنكردنی رێكخراوەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی.

بەگوێرەی میدیاكانی ناوخۆی ویلایەتی فلۆریدا، ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی - ئیسلامی، داوایەكی ئاڕاستەی دادگای فلۆریدا كردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پۆلێنكردنی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی، بەڵام دادگاكە داواكەی رەتكردەوە و بەمەش بڕیارەكە چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بەفەرمی ئەو ئەنجومەنە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لە فلۆریدا ناسێنرا.

پێشتر و لە مانگی نیسان-ی ئەمساڵ، رۆن دیسانتیس، حاكمی ویلایەتی فلۆریدا یاسایەكی دەركرد كە دەسەڵات بە ئیدارەی ویلایەتەكە دەدات ئەو رێكخراوانەی كە گومانی كار و چالاكیی نایاساییان لێدەكرێت، وەك رێكخراوی تیرۆریستی پۆلێنیان بكەن.

حاكمی ویلایەتی فلۆریدا كە بەوە ناسراوە دژایەتییەكی زۆری گروپ و رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەكات، لە مانگی كانونی یەكەمی 2025، رێكخراوی ئیخوان موسلمین و ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی ئەمریكی – ئیسلامی، خستە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكان و هەموو كارو چالاكییەكی لەناوخۆی ویلایەتی فلۆریدا لێ قەدەغە كردن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن