لە بەسڕە وێستگەیەکی کارەبا تەقییەوە

عێراق

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 13

راچڵەکین-

بەهۆی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی کارەبای حاریسە لە بەسڕە، لانیکەم چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 30 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەرپرسانی ئەمنی عێراق رایانگەیاند، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەی کارەبای حاریسە لە باکووری پارێزگای بەسڕە روویداوە و پێشبینی دەکرێت ئاماری قوربانییەکان بەرزببێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە و قەبارەی زیانەکان دیار نین.
ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە بۆ ماڵەکانی دەوروبەری وێستگەکە و بووەتە هۆی راگرتنی تەواوەتی کارەکانی وێستگەکەش.
وێستگەی حاریسە توانای بەرهەمهێنانی 800 مێگاوات کارەبای هەیە، بەڵام بەر لە رووداوەکە تەنها بە نیوەی تواناکەی کە 400 مێگاواتە، کاری دەکرد.
ژێرخانی کارەبای عێراق چەندین ساڵە بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان و لاوازیی چاکسازییەوە رووبەڕووی کێشەی جدی بووەتەوە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا.
پێشتریش رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و کێشەی تەکنیکی لە وێستگەکاندا، چەندین جار بوونەتە هۆی پچڕانی بەرفراوانی کارەبا لە عێراق.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن