راچڵەكین -
رێكخراوی ئۆپیك بڕیاریدا پشكی وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە لە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەرزبكاتەوەو لە ساڵی داهاتووەوە عیراق دەتوانێت رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن و 900 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عیراق رایگەیاند: رێكخراوی ئۆپیك كۆتایی هێنا بە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندام و هاوبەشەكانی لە ئۆپیك پڵەس بۆ ساڵی 2027، ئەنجامی هەڵسەنگانەكەش لەرۆژی 29ی ئەم مانگە رادەگەیەنرێت و پشكی هەر وڵاتێك لە بەرهەمهێنانی نەوت دیاری دەكرێت.
نەبیل مەرسومی بەپشتبەستن بە سەرچاوەیەكی ناو ئۆپیك بڵاویكردەوە، بەگوێرەی هەڵسەنگاندەكە، عیراق لە ساڵی داهاتووەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی لە چوار ملیۆن و 651 هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ چوار ملیۆن و 920 هەزار بەرمیل بەرزدەكاتەوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی بە كەمكردنەوەی زۆرەملێی بەرهەمهێنان كە پێشتر لەلایەن ئۆپیكەوە بڕیاری لێدراوەو سەرجەم وڵاتانی ئەندامی رێكخراوەكە بەو كەمكردنەوەیە پابەندكراون، عیراق لە ساڵی 2027 تەنها دەتوانێت رۆژانە چوار ملیۆن و 680 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت، كە لەئێستادا ئاستی بەرهەمهێنان دەگاتە چوار ملیۆن و 430 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
ئەمەش لەكاتێكدایە پێشتر عیراق داوای لە ئۆپیك كردبوو لە كەمكردنەوەی زۆرەملێ بەدەری بكات بۆئەوەی بتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە نزیكەی شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا، بەڵام تائێستا ئۆپیك وەڵامی داواكەی نەداوەتەوە.