دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ناكۆكییە سیاسییەكان دووربخرێنەوە لە مووچەی هاوڵاتییان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 64

راچڵەكین-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان داوا دەكات ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان دووربخرێنەوە لە ژیان و مووچە و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان.

ڕۆژی پێنجشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2026 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادو بڕیارەكانی ئەمدواییەی حكومەتی فیراڵ لەبارەی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت هەر جۆرە لێدوان و هەڵوێستێك ببێتە هۆی دروستكردنی نادڵنیایی لای هاووڵاتییان، یان كاریگەریی نەرێنی لەسەر مافە بنەڕەتی و دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبێت، لەگەڵ بنەماكانی مافی مرۆڤ و دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ناگونجێت.

"هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووریی دانپێدانراوە و پاراستنی كەرامەت و ئاسایش و بژێویی ژیانی دانیشتووانەكەی بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی یاسایی و ئەخلاقیی هەموو لایەكە."

لە ڕوانگەی ئەركی یاسایی و مرۆیی خۆمانەوە جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكەینەوە:

• ئێمە لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری هەمیشەیی عێراقین وەك خۆی و بە شێوەیەكی گشتگیر، بەبێ جیاكاری و پەراوێزخستن بە شێوەیەك كە نابێت تەنها هەندێك بڕگەی دەستوور جێبەجێ بكرێن و بڕگەكانی دیكە فەرامۆش بكرێن پێویستە سەرجەم لێدوان و بڕیارەكان لە چوارچێوەی دەستووردا بن و ڕێز لە تایبەتمەندی و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

• هەر كێشە و ناكۆكییەك لە نێوان حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت، پێویستە تەنها لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنەوە چارەسەر بكرێت، نەك پەنابردن بۆ بەكارهێنانی چەك و هێزی سەربازی كە مەترسییەكی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ژیان و سەقامگیریی هاووڵاتییانی سڤیل.

•  گرنگە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان دووربخرێنەوە لە ژیان و مووچە و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، چونكە پاراستنی مافی بژێویی هاووڵاتییان بنەمایەكی سەرەكیی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤە.

•  داوا لە حكوومەتی فیدراڵ دەكەین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا زمانی دیالۆگ هاوكاری و لێكتێگەیشتنی هاوبەش پەیڕەو بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بە شێوەیەك كە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بكات لە تەواوی عێراقدا.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان وەك دامەزراوەیەكی فەرمی و چاودێر، بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ و سەرجەم ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە پێشهات و هەوڵەكان ئاگادار دەكاتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن