نەتانیاهۆ دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل دەبێت

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 105

راچڵەكین -

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، رەزامەندیی دەردەبڕێت لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكگرتوو لەگەڵ بەرەی گۆڕان بەسەرۆكایەتی گادی ئایزنكۆت و ئامادەشە دوو ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی حكومەت بە ئاینزكۆت بدات و خۆیشی لە دوو ساڵی دووەمدا پۆستەكەی وەربگرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 28-11-2026، میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی یەكێتیی نیشتمانیی لەگەڵ بەرەی گۆڕان بە سەرۆكایەتیی گادی ئایزنكۆت كە لەلایەن سەرۆكی ئیسرائیلەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت راسپێردراوە.

نەتانیاهۆ لەسەر بنەمای دوو ساڵ بە دوو ساڵ، ئامادەیی خۆی نیشانداوە دەستبەرداری دوو ساڵی یەكەمی سەرۆكایەتی حكومەت بۆ ئاینزكۆت ببێت و لە دوو ساڵی دووەمی كابینەكەدا پۆستەكەی وەربگرێتەوە.

ئەم دەستپێشخەرییە نوێیەی نەتانیاهۆ وەك دەرچەیەك دێت بۆ رزگاربوون لە گرفتەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ئیسرائیل، كە گادی ئایزنكۆت-ی راسپێدراو تائێستا نەیتوانیوە لەگەڵ هاوپەیمانەكانی بگاتە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش لەكاتێكدایە ئەو ماوەیەی لەلایەن سەرۆككۆمارەوە پێدراوە بۆ تەواوكرنی ئەركەكەی، رۆژی 6ی كانونی یەكەمی 2027 كۆتایی دێت.

تائێستا گادی ئایزنكۆت بە فەرمی وەڵامی دەستپێشخەرییەكەی نەتانیاهۆی نەداوەتەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی هاوبەش لەسەر بنەمای حكومەتی یەكێتیی نیشتمانی، بەڵام لایەنە هاوپەیمانەكانی ئایزنكۆت لە بەرەی گۆڕان، بە گومانەوە لە دەستپێشخەرییەكەی نەتانیاهۆ دەڕوانن و وەك تەڵەیەك وێنای دەكەن بۆ دروستكردنی گرفتی زیاتر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت و سەرەنجام هەنگاونان بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت، كە مەترسییان هەیە ئەمجارە نەتانیاهۆ و لایەنەكانی بەرەی راستڕەو ژمارەی دەنگ و كورسییەكان زیاتر ببێت و بتوانن بەتەنها حكومەتی نوێ پێكبهێنن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن