راچڵەکین-
رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاشکرای کردووە، کە ئێران لە سەرەتای جەنگەکەی لەگەڵ ئەمریکادا، ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی (ستارلینک)ی بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا بەکارهێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی رۆژنامەکە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە هاوینی ئەمساڵدا و لە چوارچێوەی راپۆرتێکی نهێنیدا بۆ وەزارەتی جەنگیی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئاماژەی بەوە کردووە کە تاران ستارلینکی بۆ فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی و چاودێریکردنی ئۆپەراسیۆنی درۆنە خۆکوژە یەکئاڕاستەکان بەکارهێناوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئامادە نەبووە هیچ وەڵامێک بداتەوە بە پرسیارەکانی واشنتن پۆست سەبارەت بە بەکارهێنانی ستارلینک لەلایەن ئێرانەوە، بەتایبەت سەبارەت بە رۆڵی ئەگەریی ئەو تەکنەلۆژیایە لە هێرشەکەی سەرەتای جەنگ بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت.