تەندروستی ھەڵەبجە سەبارەت بە مانگرتنی پزیشكان و كارمەندانیان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

23/05/2020     ژمارەی بینراو 276

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە لەبارەی مانگرتنی بەشێك لەپزیشكان و كارمەندانیان، روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە.

تەندروستی هەڵەبجە لەروونكردنەوەكەیدا كە ئەمڕۆ شەممە 23-5-2020 بڵاوكراوەتەوە، رەتیكردووەتەوە لەسەر پۆستی فەیسبووك و كۆمێنت هیچ كارمەندێكیان سزادابێت. هەروەك ئەوەش روونكراوەتەوە، دەرگای گفتوگۆ بەڕوی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیدا بە ئاقاری چارەسەری گرفتەكان دەكەنەوە.

دەقی روونكردنەوەكە/

سەبارەت بە مانگرتنی ھەندێك لە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی
سەبارەت بە بەیاننامەی پزیشكانی مانگرتوو لە ھەڵەبجە كە بڵاویان كردوەتەوە ، كە تێیدا ئاماژە دەكەن بە ڕاستی گرفتەكانی نێوانیان بە واتای ئەوەی كە لە پێشدا گرفتەكانیان بە ڕاستی نەخستوەتە ڕوو ، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونكردەوەیە سەبارەت بە بەیاننامەكەی بەڕێزیان بخەینەڕوو بۆ ڕای گشتی

هاوشاریانی خۆشەویست
سەبارەت بە خاڵی یەكەم كە تێیدا داوای گەڕاندنەوەی پزیشكان و گواستنەوەیان بۆ سلێمانی بە ھۆكارێكی لاوەكی لە قەڵەم دەدەن ، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم بابەتە سەرچاوە دەگرێت لە وەی كە زیاد لە (٢٥) بیست وپێنج پزیشكیان بە نوسراو ھەوڵی گواستنەوەیان داوە بۆ سلێمانی، لە كاتێكدا ئێمە لەگەڵ داواكاریەكانیانداین و
كە ھەندێكیان ماوەی یاسایی خۆیان تەواو كردوە و پێویست ئەكات بگەڕێنەوە بەڵام لەبەر كەمی میلاك و زیاد كردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان لە شارەكەو كردنەوەی ھەندێك نەخۆشخانەی نوێ و ھەندێك بەش و پسپۆڕی نوێ لە ھەڵەبجە بە نمونە نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی ، پێویست ئەكات بەڕێوەبەرایەتی بە ئەركی زانستی و پزیشكی و ھەست كردن بە لێپرسراوەتی خۆی ھەستێت بۆ ئەوەی كە زیاترین خزمەت بە ھاوڵاتیان بكات ،بۆیە ئەو پزیشكانەی نەگەڕاندوەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ، وە بە نوسراو لە بەشی كاروباری ھونەری تۆمار كراوە كە زیاد لە (٢٥) بیست و پێنج پزیشك داوای گەڕاندنەوەی كردوە كە تەنها (٧)پزیشك گواستراوەتەوە بە بوونی پزیشكی جێگرەوە ، لە ئەگەری پەسەند كردنی داواكارییەكەیان دەبێتە كێشەیەكی گەورە لە پێشكەش كردنی خزمەت گوزارییە تەندروستیەكان، بۆیە داوەكەیان پەسەند نەكراوە ھەتا ھاتنی پزیشكی جێگرەوە بەڵام لە بەر ئەوەی پزیشكی جێگرەوە كەم بووە نەتوانراوە بنێردرێت بۆ ھەڵەبجە .

سەبارەت بە خاڵی دووەم ، بە پێی ئەو یاداشت نامەیەی بەڕێزیان كە پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەیان كردوە تیایدا داوای كەم كردنەوەی دەوام و تەنانەت كەم كردنەوەی ڕۆژەكانی دەوام دەكەن بە نمونە لە نەخۆشخانەی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی بە دیاری كراوی پزیشكانی ھەناوی ، لە بەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەیە ماوەی (١٠) دە ساڵ بوو بە ڕووی بەركەوتواندا نەكرابووە وە بووبووە پەڵەیەكی ڕەش بە نێوچەوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجەوە ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی و سەرجەم سێكتەرەكانی بە ھاوكاری بەڕێز وەزیری تەندروستی پێشوو وە ھەروەھا بەرێز وەزیری تەندروستی ئێستا لە ھەوڵی تەواوەتی دان بۆ وەگەڕ خستنی ئەو نەخۆشخانەیە و كردنەوەی بە ڕووی خزمەتی ھاوڵاتیاندا بە تایبەتی چینی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی، بۆیە بەپێی ئەو یاداشتەی بەڕێزیان پێشكەشی كردووین بە ئاشكرا داوای كەم كردنەوەی دەوام و كەم كردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشكیەكانیان كردووە ، بەدەر لەوەی لە نەخۆشخانەو كۆمەڵگە پزیشكیە ئەھلیەكانی دەرەوەدا ھەمان خزمەتگوزاریی(بە نموونە سەنتەری هەناسە) لە لایەن ھەمان پزیشكانی ھەناوییەوە پێشكەش دەكرێت وە داوای كەم كردنەوەو نەھێشتنی ئەو خزمەت گوزارییە تەندروستیانە دەكەن لە نەخۆشخانەكەدا بۆیە دووبارە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیەوە ئەو پێشنیارانەیان ڕەت كراوەتەوە.

سەبارەت بە خاڵی سێیەم ، سەبارەت بە دەست خستنە بڕیارە زانستییەكان كەوا نیشان دەدەن بە زیانی خەڵك و بەھەدەردانی سامانی نیشتیمانی شكابێتەوە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ڕای دەگەیەنین كە ھیچ جۆرە پێشنیازێك یاخود پڕۆژەیەك بۆ زیاد كردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان نە پێشكەشی بەڕێوەبەرایەتی و نە ھیچ نەخۆشخانەیەك لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی نەكراوە ، بۆیە لەبەر نەبوونی ھیچ پڕۆژەیەك ھەندێك جار لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیەوە بڕیاری گرنگ و چارەنوس ساز بۆ زیاد كردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دراوە وە ئێمە لە گەڵ پزیشكانداین كە ھەندێك جار بۆتە ھۆی زیاد كردنی دەوامیان ، بۆ ڕای گشتی ڕای دەگەیەنین و پزیشكانی ھەناوی لە ئێستادا تەنھا (٨) ھەشت ڕۆژ جارێك خەفارەتی ھۆڵەكانی فریاكەوتنی فێركاری ھەڵەبجە دەگرن،وە ئەمەش بۆ ئێستا بە بەراورد بە ئیدارە سەربەخۆكان و بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكانی شارەكانی دی دەوامێكی كەمە، ئێمە لە بەر نەبوونی پزیشكی پسپۆڕ نەمان توانیوە نەخۆشخانەیەك بە تێچووی دوو بۆ سێ ملیار دیناری وەك نەخۆشخانەی بیارە بەڕووی خزمەت لە دەڤەرەكەدا بكەینەوە.
ناچار كردنی پزیشكان بۆ كردنی نەشتەرگەری دورە لە ڕاستییەوە بگرە زۆرینەی پزیشكان ھەست بە لێپرسراویەتی دەكەن و ھەستاون بە كاری پزیشكی و پیشەی خۆیان بە ڕەچاو كردنی باری گرانی ئابوری ھاوڵاتیان و ھاوشاریانی خۆشەویست نەیان ویستووە ببنە ئەرك بۆ سەر شانی ھاوشاریان و زیاتر ئەركی سەرشانیان قورس بكەن ، بۆیە كاركردنی ئەو پزیشكانە سەرچاوە دەگرێت لە ھەست كردن بە لێپرسراوەتی ، وە تەنانەت لە هەندێك دەزگا تەندرووستیەكاندا بە بۆنەی ھاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە تێچوی بینینی نەخۆشیان كردووە بە بێ بەرامبەر ئەمەش بوەتە ھۆی ئەوەی ھەندێك سێكتەر و كلینیك و كۆمەڵگە پزیشكیەكان وەكو پێشوو سەردان كەریان نەبێت ، بۆیە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی سوپاسی ئەو پزیشكانە دەكەین كە كاریان كردوە و مانیان نەگرتوە بە ئەركی پزیشكی و پیشەیانەی خۆیان ھەستاون بۆ ئەرك نەخستنە سەر شانی ھاوڵاتیان.

سەبارەت بە خاڵی چوارەم، سزادانی كارمەندان لەسەر كۆمێنت و پۆستی فەیس بووك ، ئەم خاڵە جێی ئەوەیە لەسەری بوەستین چونكە ھیچ كات سۆشیاڵ میدیاو و پەڕەكانی فەیس بووك نەبونەتە ھۆكاری سزادانی كارمەند و پزیشكان بگرە ھەندێك لەو كارمەندانە بە نوسراوی فەرمی ئاگادار كراونەتەوە لە گرفتە ئیداری و زانستیەكان، وەك لە نەبوونی پەراوی دەرمان و گۆڕینی ناونیشانیان كە ھەندێكیان داوایان كردووە بەنمونە یاریدەدەری پزیشك ببێتە وێنەگری تیشك كە لە كاتێكدا بە پێی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی ناگونجێت یاریدەدەری پزیشك بێتە وێنەگری تیشك ، كە ئەمەش دەبێتە ھۆی كەم كردنەوەی دەوام و زیاد كردنی دەرماڵە بۆیان ، بۆیە بەڕێوەبەرایەتی داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە بۆ ئەوەی بە میكانیزمێكی زانستیانە ناونیشانی ئەو كارمەندە بەڕێزانە بگۆڕێت، وە لە ئەگەری زیاد دوپات كردنەوەی ئەو خاڵە ناچار دەبین لێپێچینەوە ئیدارییەكان بە نوسراو بخەینە بەردەم ڕای گشتی.

سەبارەت بە خاڵی پێنجەم، ناچار كردنی پزیشكانی دەرمانساز بە پێدانی سەرانەو ھاوپشك كردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە ئێمە ئەو خاڵە وەك تۆمەت و بوختان بە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دەبینین داواكارین لە پزیشكانی دەرمانساز لە گەڵ ھەبوونی ھەر بەڵگەیەك و ھەر كارێكی لەو جۆرە ڕێگەی دادگا بگرنەبەر و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بەڕێوەبەری گشتی بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەمەش بۆ ڕای گشتی ڕونبێتەوە.

بۆیە ڕای دەگەیەنین وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە لەگەڵ چارەسەركردنی كێشەكانداین بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان نەبنە قوربانی مل ملانێ كەسیەكان وە داواكارییە كەسیەكان ،كە بۆ خۆی مانگرتن بەسود و قازانجی كلینیك و دامەزراوە تەندروستیە ئەھلیەكان دەشكێتەوە و زەرەرمەندی سەرەكی ھاوڵاتیانی بەش مەینەتی ھەڵەبجە و دەوروبەریەتی.

بۆیە لێرەوە دەرگای گفتوگۆ بەڕوی سەرجەم پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیدا بە ئاقاری چارەسەری گرفتەكان دەكەینەوە وە داوایان لێدەكەین بە گیانێكی پێشمەرگە ئاسا وەك چۆن لە رووبەروبوونەوەی كۆرۆنادا و بێ مووچەیی كاریان كردووە بە هەمان شێوە بۆ خزمەتی هاوشاریانمان كار بكەن

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەڵەبجە
٢٣-٥-٢٠٢٠

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن