گەشتی ئاسمانیی نێوان سلێمانی و وڵاتێكی ئەوروپا راگیرا

کوردستان

13/02/2020     ژمارەی بینراو 3977

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی

راچڵەكین

بەهۆی مایەپووچبوونی ئەو كۆمپانیایەی كە گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراق بۆ فڕۆكەخانەكانی ئەوروپا رێكدەخات، بڕیاردرا گەشتە ئاسمانییەكانی هەرسێ فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەغداو نەجەف بۆ دانیمارك رابگیرێت.

میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ 13-2-2020 بڵاویانكردەوە، دوای مایەپووچبوونی كۆمپانیای ئەتڵەس گڵۆباڵ-ی توركی، كە ئەركی رێكخستنی گەشتە ئاسمانییەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ فڕۆكەخانەكانی ئەوروپا لەئەستۆ گرتبوو، بڕیاردا بە راگرتنی گەشتەكانی هەرسێ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بەغداو نەجەف بۆ فڕۆكەخانەی كۆپنهاگن-ی دانیمارك.

میدیاكانی ئاماژەیان بەوەكردووە، گەشتە ئاسمانییەكانی ئەو سێ فڕۆكەخانەیە بۆ دانیمارك لە سبەینێوە 14-ی 2-ی 2020 دەوەستێت.

بۆ دەستكەوتنی زانیاری زیاتر لەوبارەیوە، راچڵەكین پەیوەندیكرد بە دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، لە وەڵامدا بێ ئاگایی خۆی لە بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربڕی و وتی: ئێمە رۆژی دووشەممە گەشتمان بۆ فڕۆكەخانەی كۆپنهاگن هەیەو نازانین ئەگەر گەشتەكە لەلایەن كۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە راگیرابێت. 

هەر لەسەر ئەو بابەتە، یاسر خەفاجی تایبەتمەند لەبواری فڕۆكەوانیی مەدەنی، پێشبینی كرد راگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی ئەو سێ فڕۆكەخانەیە بۆ پایتەختی دانیمارك، تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە بەردەوام بێت، تا ئەوكاتەی عێراق جێگرەوەیەك بۆ كۆمپانیا توركییە مایەپووچبووەكە دەدۆزێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن