جۆره‌كانی قه‌تره‌ی‌ فرمێسکی دەستکرد و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی

تەندروستی

23/05/2020     ژمارەی بینراو 620

قه‌تره

ڕاچڵه‌كین-

دەتوانرێت قەترەی فرمێسکی دەستکرد بەکاربهێنرێت بەبێ ڕاوێژ و ڕاچێتەی پزیشک، لەوانەیە پێویست بێت چەند براندێکی فرمێسکی دەستکرد تاقیبکەتەوە تا باشترین جۆری بدۆزیتەوە کە لەسەر تۆ ئیش دەکات، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر ئه‌بوبكر تاهر كاوانی پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەری چاو ڕێنمایی سه‌باره‌ت به‌ جۆری فرمێسكی ده‌ستكرد و چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ده‌دات.

قەترەی فرمێسکی دەستکرد سەرەڕای تەڕکردنی چاو ڕۆڵیان هەیە لە چاکبونەوەی چاو هەروەها هەندێک جۆریان بەهەواداچوونی فرمێسکی چاو کەمدەکاتەوە.

دوو جۆری سەرەکی لە فرمێسکی دەستکرد هەن:

1-فرمێسکی دەستکرد کە ماددەی پارێزەری تێدایە: ئەم جۆرەیان لەشێوەی قوتوی ئاسایی قەترەیە، کە هەندێک ماددەی پارێزەری تێدایە ڕێگا دەگرێت لە گەشەکردنی بەکتریا لەکاتی کردنەوەی. ماددەی پارێزەر لەوانەیە جۆرێک لە هەراسانکردن دروست بکات بە تایبەتی ئەگەر وشکی چاو مامناوەندی یان توند بێت.

2- فرمێسکی دەستکرد کە ماددەی پارێزەری تێدا نییە، ئەم جۆرەیان کە کەمتر ماددەی زیادکراوی تێدایە بۆ ئەو کەسانە باشە کە ڕۆژانە چوار جار زیاتر بەکاریدەهێنن یان وشکی چاوی مامناوەندی یان توندیان هەیە، ئەم جۆرەیان لە شێوەی قەترەی ئاسایی دەبێت یانیش ئەوجۆریان دەبێت کە تەنها بۆ جارێک بەکاردێت.

سەرەڕای نەخۆشی وشکی چاو قەترەی فرمێسکی دەستکرد بۆ هەندێک برینی گلێنەی چاو سوودی دەبێت هەروەها بۆ ئەو کەسانەش سوودی دەبێت کە زۆر بە دیار شاشەکان دەمێننەوە.

ئەو جۆرانەی فرمێسکی دەستکرد کە لە شێوەی جەلی یان مەرهەم دروستکراون لەکاتی بەکارهێنانی لەوانەیە لە سەرەتادا جۆرێک لە لێڵی دروست بکەن.

ئەگەر سەرەڕای بەکارهێنانی فرمێسکی دەستکرد هێشتا هەست بە نامورتاحی بکەیت لە چاوت دا، باشترە سەردانی پزیشکی تایبەتمەندی چاو بکەیت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن