هۆكار و نیشانه‌كانی نەخۆشی بەهجەت و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

02/06/2020     ژمارەی بینراو 3504

نەخۆشی بەهجەت

ڕاچڵه‌كین-

بەهجەت دادەنرێت بە یەکێک لە نەخۆشییە ڕۆماتیزمییە درێژخایەنەکان، کە لە خێزانی نەخۆشیی هەوکردنی بۆڕی و لوولەکانی خوێنە، بەهۆی ناڕێکوپێکیی لە کارکردنی سیستمی بەرگریمان پەیدا دەبێت. ژن و پیاو وەک یەک تووشدەبن و لە منداڵ و پیردا دەگمەنە، له‌م بابه‌ته‌دا دكتۆر هێمن پزیشکی نەخۆشییەکانی جومگە و ڕۆماتێزم باس له‌ هۆكار و چۆنیه‌تی ده‌ستنیشانكردن و چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی به‌هجه‌ت ده‌كات.

بۆچی پێی دەوترێت بەهجەت؟
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1937 پزیشکێکی تورک بە ناوی خۆڵوسی بەهجەت نەخۆشییەکەی دیاریکرد.

-لە کام وڵات زۆر بەربڵاوە؟
نەخۆشی بەهجەت لە هەموو جیهان ڕوودەدات، بەڵام زیاتر لەو وڵاتانە زۆرە کە دەکەونە سەر ڕێگای کۆنی ئاوریشم - trade trail of Marco Polo, کە لە ژاپۆنەوە درێژ دەبێتەوە، بۆ تورکیا و ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، لە ناویاندا کوردستان.

-نیشانەکانی چین؟
نەخۆشەکە دەناڵێنێ بەدەست زۆر دووبارە بوونەوەی برینی ناو دەم و ئەندامی زاووزێ، لەگەڵ هەوکردنی چاو، بوونی پەڵە لەسەر پێست، هەندێکجار هەوکردن و ئازاری جومگە، خەستبوونەوەی خوێن لە بۆڕیەکانی خوێن، گیرانی بۆڕیەکانی خوێن. نیشانەکان لە نەخۆشێکەوە بۆ نەخۆشێکی دیکە جیاوازن.

-دیاریکردنی نەخۆشییەکە 
دیاریکردنی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی گشتی پشت بە تاقیکردنەوەی کلینیکی پزیشکی دەبەستێت کە لەلایەن پزیشکانی پسپۆری جومگە و ڕۆماتێزم دەکرێت، بەهاوکاری پزیشکی پسپۆڕی چاو.

-چارەسەری چییە؟
زۆربەی نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەری درێژخایەن وەکو چارەسەری دژە بەرگری، کیمیایی یاخود بایەلۆژی هەیە بە پێی سووکی و توندیی نەخۆشیەکە، هەروەها پێویستی بە بەدواداچوونی بەردەوام هەیە، بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی لەدەستدانی بینین و گیرانی بۆڕییەکانی خوێن چەندین ماکی تر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن