میرزا حەسەن دوای 69 ساڵ ئاشەوانی.. هێشتا ماندوو نەبووە

ڕاپۆرت

15/02/2020     ژمارەی بینراو 860

میرزا حەسەن دوای 69 ساڵ ئاشەوانی.. هێشتا ماندوو نەبووە


راچڵەكین-AA

لەگەڵ ئەوەی پیشەی ئاشەوانی لە زۆر شوێن نەماوە، بەڵام هەندێك هەن كە هێشتا دەست بەو پیشەیەوە دەگرن و بۆ نەوەكانی دوای خۆیانی بەجێ دەهێڵن.

میرزا حەسەن تەمەنی ٨٤ ساڵە و لە ١٥ ساڵییەوە سەرقاڵی كاری ئاشەوانی-یە. تا ئێستا ناوبەناو دەچێتەوە دووكانەكەی و سەرقاڵی پیشەكەی خۆی دەبێت. 

بۆ میرزا حەسن گرنگە كە رێگە نەدات پیشەكەی وەك رەسەنایەتییەكی ناوچەكە بفەوتێ بۆیە ئەو كوڕەكەی خۆی فێری ئەو پیشەیە كردووە و لە دووكانەكەدا، ناوبەناو سەرقاڵی هاڕینی گەنم دەبن، تاكو ئارد، ساوەر، قەرەخەرمان-ی  لێ بەدەستبهێنن و بەو شێوەیە پەرە بە ئیشێك دەدات كە نزیك بە حەوت دەیەیە سەرقاڵێتی.

میرزا حەسەن كە ناوبەناو بەهۆی بەساڵاچوونییەوە دەكۆكی و دەستی دەلەرزی بەو شێوەیە باس لە سەرەتا فێربوونی ئەو پیشەیە دەكات: "لای ئاغای گوندەكەمان بووم لە ١٥ ساڵانەوە ناوی ئاغا محەمەد ئەمین بەگ بوو لە گوندی گۆیان، وردەكاری كارەكە ئەوكاتە فێربووم، سەرقاڵی ئاشەوانی بووم. ئاشی ئاو هەبوو ئەوكاتە، ئاغا منی كردە وەكیلی ئاشەكە، هەرچییەك بوایە من دەچووم بەدەنگییەوە. تا وای لێهات كردمانە دەستگێڕ و گونداو گوند دەمان گەڕاند".

میرزا حەسەن هەرچەندە كوڕەكانی ئاشەكەی بۆ بەڕێوەدەبەن، بەڵام ناوبەناو دەبێت خۆی بچێتە سەر دووكانەكە تاكو هەندێك لە ئامێرەكان چاك بكات و ئامادەیان بكات بۆ هاڕینی گەنم یان چەڵتوك.

میرزا حەسەن ، باس لە پەرەپێدانی ئەو پیشەیە دەكات و دەڵێت، "هۆشم كردەوە و گەورەبووم ئینجا زانیاری زیاترم وەرگرت لەسەر پیشەی ئاشەوانی، ئەوكات لە گوندەكانەوە دەهاتن بەدوامدا بۆ كاری ئاشەوانی. من خوێندەواریم نەبوو، بەڵام لە ئاشی ئاوەوە وردە وردە فێربووم و دەچوومە گوندەكان تاكو فێریان بكەن لەسەر كاری ئاشەوانیی.''

جومعە میرزا كوڕە گەورەكەیەتی و ئێستا تەنها بۆ هێشتنەوەی ئەو پیشەیە دووكانی ئاشەوانییەكە بەڕێوەدەبات. 

جومعە میرزا لەزاری باوكیەوە كە ئێستا بەهۆی ئەوەی بەساڵدا چووە، كەمتر توانای كارەكەی هەیە، باسی جۆرەكانی ئاش دەكات كە سەرەتا هاتۆتە كەلار و ناوچەكە: "سەرەتا بەردی قودرەتی هەبووە ئاشیان لێ دروستكردووە ناوی بەردی ئاسیاو بووە، ئاشی ئاویان لێ دروستكردووە. دواتر لە بەردی دەستكردی بەریتانی لەندەن كە عێراق هاوردەی كردووە و بەنەوتی رەش كاری كردووە، ئاشیان دروستكردووە و پاشان ئەو نەوتە رەشە نەما. لە ساڵانێكیشدا دینەمۆ یان مەكینەی ئۆتۆمبێلیان بۆ داناوە و تایەیان لەژێر داناوە تاكو گوند بە گوند بیگەڕێنن، بۆ كاری گەنم هاڕین".

جومعە میرزا باس لەوە دەكات كە خەڵكی كەلار و گوندەكان دێن گەنم دەهێنن و دەیكەنە ئارد و ساوەرو دەڵێت، "چونكە هەندێك جار ئارد بەكەڵك نایەت كە دابەش دەكرێت، خەڵك خۆی لە گەنمی خۆی ئارد دروست دەكات، ساوەریش دروست دەكەین چونكە هەندێك كەس لەبری برنج زیاتر حەز بە ساوەر دەكات".

جومعە میرزا ئاماژە بەوە دەكات كە هاوینان كار هەیە، بەڵام دواتر لە وەرزی پاییز و زستاندا لە ١٥ی ئەیلوولەوە تا كانونی یەكەم كاریان زۆر دەبێت. 

ناوبراو دەڵێت، "بۆ ئاردەكە بەردەوام كار هەیە، بەڵام كەمترە، بۆ ساوەریش دوای دروێنەی گەنم خەڵك دێن و گەنمەكە دەكەنە ساوەر ئەویش لە مانگی تەمووزدا".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن