دەمامك.. گرفتە گەورەكەی هاوڵاتیان بۆ خۆپارێزی

ڕاپۆرت

11/06/2020     ژمارەی بینراو 778

راچڵەكین- كۆچەر عەزیز

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بەرپرسانی حكومەت و تەندروستی و پارێزگارەكان و بەرپرسی شارەكان داوای خۆپارێزی دەكەن لەڕێی بەكارهێنانی ماسك و دەستكێش، ئەوەش لەكاتێكدایە نرخی یەك پاكەت دەمامك پێش لە پێش بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە زیاتر لە ١٥ هەزار دینار بەرزبووەتەوە و بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان ناتوانن بۆخۆیانی دابین بكەن و خۆیان لەتووشبوون بەكۆرۆنا بپارێزن.

ئازاد، لە یەكێك لە دەرمانخەنەكاندا سەرقاڵی كڕینی دەمامك بوو پرسیارم لێكرد كە ئایا بەردەوام دەمامك و دەستكێش دەكڕێت و رێنماییەكان جێبەجێ دەكات، ئەو وتی:" بەڵێ من لە سەرەتاوە پابەندی رێنماییەكانم، بەڵام نرخی دەمامك زۆر گرانە بۆیە زۆر كەم بە پاكەت دەیكڕم بەشێوەی تاك دەیكڕم كە بۆ هەر دانەیەك ٥٠٠ دینار لەسەرم دەكەوێت، بەڵام دەستكێش تا رادەیەك هەرزانترە".

نازە، هاووڵاتییەكی دیكەیە رەخنەی لە گرانی نرخەكان هەیەو دەڵێت:" پێش كۆرۆنا چەند جاردەمامكم كڕیوە پاكەتی بە هەزار و ٥٠٠ دینار بەڵام ئێستا بە ١٧ هەزار زیاترە، ئەمە كەی رەوایە، بۆچی حكومەت یان لایەنی بەرپرس چاودێری ئەم نرخانە ناكات و رێكیان بخات، جگە لەوەش لە هەر دەرمانخانەیە و نرخەكەی جۆرێكە، ئەمە چۆن دەبێت، حكومەت چۆن پێمان دەڵێت خۆت بپارێزە".

خاوەنی دەرمانخانەیەك كە نەیویست ناوی بهێندرێت بۆ راچڵەكین قسەی كردوو وتی:" ئێمە دەمامك بە پاكەت نافرۆشین، چونكە هاووڵاتییان نایكڕن دەڵێن گرانە، پاكەتێك ١٤ هەزار دینار لەسەریان دەكەوێت، ئەوەش بۆ هاووڵاتییەك كە داهاتی كەمبێت گران دەكەوێت لەسەری بۆیە زۆربەی كات بە دانە دەیكڕن كە بە ٥٠٠ دینارە".

خاوەنی ئەو دەرمانخانەیە دەڵێت:" چەند جۆرێك دەمامك هەیە كە نرخەكی پاكەتێك  لە ١٤ هەزارەوە بۆ ٢٥ هەزار دینار دەستپێدەكات، بەشێكی زۆری هاووڵاتییان هەرزانەكەی دەكڕن، بەڵام دەستكێش نرخەكەی هەرزانترە نرخی پاكەتێك لە نێوان ٧ بۆ ١٠ هەزار دیناردایە".

ئێستا لە پارێزگای سلێمانی دوو كارگەی بەرهەهێنانی ماسك و لە هەولێرش كارگەیەك هەیە، كە دەمامك و پێداویستی خۆپارێزی بەرهەمدەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتاش لە دەرەوە پێداویستییە خۆپارێزییەكان هاوردە دەكرێت.

ئەمیر بەهادین، بەڕێوەبەری كارگەی ئایسا، لە سەید سادق بۆ راچڵكەین وتی:" ئێمە رۆژانە نزیكەی ١٠ هەزار دەمامك بەرهەمدەهێنین و دەیخەینە بازاڕەوە، نرخی هەر پاكەتێكیش بە ١٠ بۆ ١١ هەزار دینارە و سەرجەم پێداویستییەكان لە دەرەوە دەهێنن".

بەڕێوەبەری كارگەی ئایسا رەخنەی لە حكومەت و لایەنی بەرپرس هەیە و دەشڵێت:" حكومەت هاوكاریمان ناكات بۆ ئەوەی بتوانین نرخ جێگیر بكەین و نەهێڵین قۆرخكاری رووبدات." 

سەبارەت بەوەی كە ئایا بەرهەمەكە زیاد دەكەن یاخود نا وتیشی:"بە پێی داوكاری بازاڕ هەوڵدەدەین زیادی بكەین بەڵام لە ئێستادا هیچ نییە، چونكە ئەم حكومەتە وەك قەزاو قەدەر وایە، بۆیە ئێمە ناتوانین ئامێری دیكە بهێنین و كارمەند زیاد بكەین، چونكە رەنگە تووشی گرفت ببینەوە".

دەشڵێت: ئەو كارگەیە لە مانگی شوباتەوە دامەزراوە و ٢٩ كارمەند ئێستا كاری تیدا دەكەن و دەمامكەكەش بۆ هەر یەك لە (سەیدسادق و هەڵەبجەی تازە دەربەندیخان و هەڵەبجەی شەهید و  هەولێر و دهۆك) دەنێرێت.

لەشاری هەولێریش كارگەیەكی بەرهەمهێنانی دەمامك و پێداویستییە خۆپارێزییەكان هەیە كە رۆژانە ٣٤٥ هەزار ماسك بەرهەمدەهێنێت، لەو بارەیەوە، ئیحسان تاجەدین، بەڕێوەبەری كارگەكە بە راچڵكەین-ی راگەیاند:" لە مانگی ئادارەوە ئەو كارگەیەیان دامەزراندووە و رۆژانە  ٣٤٥ هەزار ماسك بەرهەمدەهێنن، پاكەتێك ماسك بە ١٠ هەزار دەگاتە دەست هاووڵاتییان و سەرجەم پێداویستییەكانیش لە دەرەوە دەهێنین، بۆ سەرجەم شارەكانی هەرێمی كوردستانی دەنێرین، و حكومەتیش هەموو ئاسانكارییەكی بۆ كردووین بۆ مامەڵەی تەواوبوونی كارگەكە".

دەشڵێت:" تاكە كارگەیە سی ئی و ئایزۆی هەیە، دروینەوەی نییە و بە گەورەترین كارگەی لەو جۆرە لە عێراق هەرێمی كوردستان دادەندرێت، ٩٠ كارمەند لەو كارگەیەدا كاردەكەن، سەرجەم پێداویستییەكان لە دەرەوە دەهێنن، ئەگەر لە ناوخۆ پێویست نەما بۆ شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش رەوانەی دەكەین."

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر، لە لێدوانێكدا بۆ راچڵكەین وتی:" بەرهەمەكانی ئەو كارگەیە بەشی هەولێر دەكات، دەتوانرێت بۆ شارەكانی دیكەش رەوانە بكرێت،  ئەو كارگەیە لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی كاردەكات و بەرهەمەكانی دەخاتە بازاڕەوە، لیژنەیەك پێكهێندراوە بۆ چاودێریكردن و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكەی، هەرشوێنێك بە نرخی گران بیفرۆشێت سزادەدرێت".

لای خۆشییەوە هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی بۆ ڕاچڵەكین وتی:"كارگە لە سلێمانی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی دەمامك، هاووڵاتییان خۆشیان بە ئاسانی دەتوانن ماسك بۆ خۆیان دروستبكەن و  خۆیان بپارێزن و كەلوپەلی پاكردنەوە بە كاربهێن، كە ئەمە بە كارێكی گرنگ دادەنرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسەكەو لە غەیری ئەو رێگایە ناتوانین بگەین ئەو ئامانجەی كە دەمانەوێت، ئەویش دەربازبوونە لەو پەتایە".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن