ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ بیزانیت له‌باره‌ی‌ گوڵە خوێن

کشتوکاڵ

14/06/2020     ژمارەی بینراو 3703

گوڵە خوێن

ڕاچڵه‌كین-

کۆلیۆس (coleus) یاخود بەشێوەیەکی گشتی بە `گوڵە خوێن` لای ئێمە ناسراوە ،لە ڕوەکە گوڵ دارەکانە و سەر بە خێزانی (Lamiaceae)ە ، نیشتیمانی سەرەکی ئەم ڕوەکە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە بەڵام بەهۆی جوانی و فرەڕەنگی گەڵاکانی ئێستا بە زۆربەی جیهاندا بڵاو بۆتەوە ، بە نزیکەیی لە نێوان ٦٠ -٧٥سم باڵا دەکات ئەمەش بە پێی جۆرەکانی دەگۆڕێت .

گوڵە خوێن چەندەها جۆری جیاواز و ناوازەی هەیەکە لەجیهاندا زۆر بە بەربڵاوی بەکاردێت بۆ مەبەستی ڕازاندنەوەی باخچە و شوێنە تایبەتی و گشتیەکان ،بەشێوەیەکی گشتی ئەم ڕوەکە تەمەن درێژە (perennial)بەڵام بەهۆی زۆر هەستیاری بۆ سەرما لەلای خەڵکی بە وەرزی (annual)سەیر دەکرێت.

- لە کوردستان چۆن پەرەبە گوڵەخوێن بدەم ؟
هەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا زۆر بە وردی هەموو ئەوشتانەی پێویستە لەسەر گوڵەخون بیخەمەڕوو .

1-گوڵەخوێن ڕوەکێکە حەزی بە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ نیە ،یاخود خۆری بەیانیان و سێبەری نیوەڕۆ تائێوارەی پێخۆشە .

2-پێویستە لە کاتی ئاودان زۆر وریای بین چونکە خاوەنی ڕەگێکی ناسکەو بە زۆر ئاودان توشی بۆگەنبوون دەبێت بەتایبەت لە وەرزە سارد و مامناوەندەکاندا .

3-لەشوێنی سێبەر و تاریکدا توشی هەندێ جۆری حەشەرات وەکوو(شیرینەی سپی) دەبێت، یاخود توشی ناسکبونەوەو درێژبونەوەی قەد دەبێت بەمەش ڕەنگی تێک دەچێت یان توشی لول بونی گەڵا دەبێت .

4- بەهەمانشێوە لە شوێنی هەوا داخراو دەبێتە هۆی هەڵوەرین ی هەندێک لە گەڵاکانی و لەناوچونی تەواوی ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر بێت .

شێوازی زیاد کردن .
ڕوەکی کۆلیۆس بە هەردوو ڕێگەی بڕین (قەڵەم کردن)و تۆو زیاد دەکرێت ،هەر ڕێگەیەک لەم ڕێگانە تایبەتمەندی خۆی هەیە و بۆ مەبەستێکی دیاری کراو بەکاردێت ، هەوڵدەدەم بە کورتی بیخەمەڕوو.
1-قەڵەم کردن
ڕێگەیەکی زۆر خێراو سەرکەوتوە ،بەهۆی ئەوەی کۆلیۆس زۆر خێراو سەرکەوتوە لە دروستکردنی ڕەگ ،باشی ئەم ڕێگەی خێرایی لە زیاد کردن و دەرچونی هەمان جۆر لەو ڕوەکەی کە قەڵەمەکەت لێی وەرگرتوە ، بەڵام پێویستی بە کاری زیاترە و لە هەموو وەرز و شوێنێک نابێت ، هەروەها پێویستی بە خۆڵێکی پاک و تفتی مامناوەندە .

2- تۆو
ڕێگەیەکی ئاسانە و زۆر جار شێوە و ڕەنگی ناوازەت بە دەست دەکەوێت ،بەڵام بەهۆی وردی قەبارەی تۆوەکە پێویستە زۆر وریای بیت لەسەرجەم قۆناغەکانی چەکەرەکردن تاوەکوو وشک نەبێتەوە یاخود لەگەڵ ئاودا نەڕوات ،ڕێکەیەکی کەمێک هێواشە بەڵام بە بەراورد بە ڕێگەی یەکەم کاری کەمتر دەوێت .

چۆن لە وەرزی زستان ڕوەکەکانم بپارێز لە وشکبوون بەهۆی سەرماوە ؟

چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ پاراستنی کۆلیۆس لە خراپبونن لە زستان

باشترین ڕێگە ئەوەیە کەبتوانرێت پێش وەرزی سەرما (مانگی ١١-١٢) هەندێ قەڵەم لەو ڕوەکە وەربگردرێت و بچێنرێن، بۆی ئەگەری فەوتان کەمبێت، پاشان لە درێژەی زستان لە شوێنێکی گەرمی مامناوەندی وەکوو حەوشەی داخراو یاخود ژێر لایلۆن بپارێزرێن و تەنها لەکاتی وشک بونەوەی گڵەکەیان کەمێک ئاو بدرێن تا دەگاتە بەهار پاشان شوێنیان ئاسایی دەکرێتەوە و ئەتوانرێت بخرێنەوە شوێنی هەمیشەییان .


ئامادەکردنی ئەندازیاری کشتوکاڵی /جوتیار مهدی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن