لەسبەینێوە دەرمانێكی تایبەت لە سلێمانی دەدرێت بە توشبووانی كۆرۆنا

کوردستان

30/06/2020     ژمارەی بینراو 2107

راچڵەكین

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەكی سلێمانی، روونكردنەوە لەبارەی دۆخی تەندروستی توشبووانی كۆرۆنا لە شارەكە دەدات و راشیدەگەیەنێت: لە سبەینێوە دەستدەكەین بە دەرمانێكی تایبەت بە بەرزكردنەوەی بەرگری لەو كەسانەی تووشی هەوكردنی سەختی سییەكان بوون.

د.داهات حەوێزی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لەسلێمانی، رایگەیاند: لە سەنتەری كۆڕۆنا لە نەخۆشخانەی جمهوری، ڕۆژانە نزیكەی ۱۰۰ نەخۆش چارەسەری بۆ دەكرێت، لەو ژمارەیەش نزیكەی ۲۰ نەخۆش بەرەو باشی دەچن و بۆ تەواوكردنی چارەسەرەكەشیان، یان رەوانەی ماڵەوە دەكرێن و یاخود دەنێردرێنە ئوتێلە تەرخانكراوەكان.

ئەو پزیشكە ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕۆژانە نزیكەی ۱۰ نەخۆش پلازمایان بۆ دەنوسین، كە بەشی زۆریان پلازمایان دەستدەكەوێت و بەشێكیشیان لەلایەن نەخۆشخانەوە هاوكاری دەكرێن، هاوكات ڕۆژانە چەند حاڵەتێكی كەمی مردن لە نەخۆشخانەی جمهوری تۆمار دەكرێت.

د.داهات حەوێزی روونیشیكردەوە، لە سبەینێوە دەستدەكەین بە دەرمانێكی تایبەت بە بەرزكردنەوەی بەرگری لەو كەسانەی كە تووشی هەوكردنی سەختی سییەكان بوون.

بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری لەسلێمانی، زۆرێك لەو نەخۆشانەی پلازما وەردەگرن، سوودی زۆری لێ دەبینن و دوای دوو سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە دەریان دەكەن، وتیشی:" ئێستا خەڵكێكی زۆر ڕوودەكەنە بانكی خوێن بۆ پێدانی پلازما و ڕۆژانە زۆرێك لەو نەخۆشانەی كە ۱٤ ڕۆژ بەسەر چاكبوونەوەیان تێپەڕیوە، خۆیان دەچن بۆ بەخشینی پلازما.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن